سێنتکۆم: سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 1,000 کەشتی لە هورمز پەڕیونەتەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز بە کراوەیی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەمێنێتەوە و لە سێ مانگی رابردوودا هاوکاریی زیاتر لە 1,000 کەشتییان کردووە، هاوکات لە چوارچێوەی گەمارۆکانی سەر ئێراندا ئاڕاستەی 45 کەشتییان گۆڕیوە و چوونەتە سەر دوو کەشتیی تر.
چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردەوە، کە رێڕەوی باشوور لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بە ئازادی و کراوەیی بۆ سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەمێنێتەوە کە دەیانەوێت بەم ئاوە نێودەوڵەتییە ستراتیژییەدا گەشت بکەن.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش دا، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا هاوکاریی دەستبەجێیان پێشکەش بە زیاتر لە 1,000 کەشتیی بازرگانی کردووە تاوەکو بە سەرکەوتوویی لە گەرووەکە بپەڕنەوە، ئەمەش "سەرەڕای سەرکێشی و دەستدرێژییە بێبنەماکانی لایەنی ئێرانی لە ناوچەکەدا."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا جەختی کردەوە، تێپەڕبوونی ئەم کەشتییە بازرگانییانە لەمڕۆشدا بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ پچڕان بەردەوامیی هەیە.
هەروەها سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکی دیکە دا روونیکردەوە کە تاوەکو رێکەوتی 4ـی ئاب، هێزەکانی ئەمریکا ئاڕاستە و رێڕەوی 45 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، 2 کەشتیی تریان بە تەواوی لەکارخستووە و چوونەتە سەر 2 کەشتیی بازرگانیی دیکە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە مەرجەکانی گەمارۆکەوە.