هاتوچۆی سۆران شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران ئاگادارییەکی ئاراستەی شۆفێران کرد سەبارەت بە دەستپێکردنی قۆناخی تاقیکردنەوە و کەوتنەکاری فەرمیی کامیراکانی چاودێریی خێرایی لە ڕێگای "گەلی عەلی بەگ" بە شێوازی "خاڵ بۆ خاڵ.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران، لە ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، لە کاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆوە، کامێراکانی چاودێریی خێرایی لە رێگای گەلی عەلی بەگ بۆ ماوەی حەوت رۆژ دەکەونە قۆناخی تاقیکردنەوەوە (تێست).
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوو "پرۆسەی تاقیکردنەوەکە تاوەکو رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو، 11ـی ئابی 2026، کاتژمێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت، و لە دوای ئەو وادەیەوە کامیراکان بە فەرمی دەکەونە کار و سەرپێچییەکان تۆمار دەکرێن."
هاتووچۆی سۆران ئاماژەی بەوەش داوە، جۆری سیستەمەکە بە شێوازی "خاڵ بۆ خاڵ" (پۆینت تو پۆینت) دەبێت و خێرایی دیاریکراو لەو رێگەیەدا (70) کێلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و رێگریکردن لە رووداوی نەخوازراو، پابەندی تەواوی رێنماییەکانی هاتووچۆ و خێرایی دیاریکراوی رێگەکە ببن.