سبەی لە حاجیاوا دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات
بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی حاجیاوا رایدەگەیەنێت کە سبەی چوارشەممە قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەست پێدەکات و وەک قۆناخی یەکەم، 145 فەرمانبەر لە رێگەی تیروپشکی ئاشکراوە زەوییان پێ دەدرێت.
سێشەممە، 4ی ئابی 2026، ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، زیاتر لە 600 پارچە زەوییان لە شارەوانی ئامادەکردووە و تاپۆکانیان لای بەڕێوەبەرایەتییەکەیە و هیچ گرفتێکی یاسایی یان تەکنیکییان نییە.
بەڕێوەبەری ناحیەکە ئاماژەی بەوەش کرد، سبەی ئەو 145 فەرمانبەرەی کە خاڵەکانیان لە نێوان 40 بۆ 55 خاڵدایە زەوی وەردەگرن، و لە قۆناخەکانی داهاتووشدا زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش دەکرێت کە خاڵەکانیان لە خوار 40 خاڵەوەیە.
ئەزوەر جەعفەر ئەوەشی خستەڕوو کە ناوی نزیکەی 4,900 تا 5,000 فەرمانبەر لە حاجیاوا گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی، و گوتی: "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی زەوی بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابین بکەین، بەڵام پڕۆسەکە قۆناخ بە قۆناخ بەڕێوەدەچێت."
ئاشکرای کرد کە زەوییەکانی حاجیاوا زۆر بەنرخن و لە شوێنی زۆر باش دابینکراون، بە شێوازێک کە فەرمانبەر لە هەر شوێنێکی ناوچەکە زەوی وەربگرێت، بەها و نرخێکی باشی دەبێت و سوودێکی زۆری لێ دەبینێت.