لە بەغدا خۆپیشاندانە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبای عێراق بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد. خۆپیشاندەران داوا دەکەن مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت، چونکە تاوەکو ئێستا پێنج وەزارەت، هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و چەند دەستەیەک مووچەی مانگی تەمووزیان وەرنەگرتووە.
یەکێک لە فەرمانبەرە خۆپیشاندەرەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئێمە فەرمانبەری وەزارەتی کارەباین لە ناوچەی ناوەڕاست؛ لە لایەن حکوومەتەوە ستەممان لێ کراوە و بەهۆی گەندەڵیی ئیدارییشەوە ستەممان لێ دەکرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد: "بەڕێوەبەرەکەمان کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردووە کە شایستەی فەرمانبەران نین، بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانە گرێبەستن و بە 300هەزار دینار دەوام دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەش بەش مووچەمان پێ دەدرێت. پێشتر فەرمانبەران پێکەوە مووچەیان وەردەگرت، بەڵام ئێستا دەیانەوێت بە مووچەیەکی زۆر کەمەوە دەوام بکەین. هەموومان خاوەن خێزانین، 300 هەزار بەشی چی دەکات؟ کرێی خانوو؟ کارەبا؟ یان چی؟"
لە خۆپیشاندانەکە فەرمانبەران دروشمی "کوا کوا مووچەمان، کوا کوا مافەکانمان"یان دەگوتەوە، یەکێکی دیکە لەو فەرمانبەرانە گوتی: تا ئێستا مووچەمان وەرنەگرتووە، هەر دەڵێن هەفتەی داهاتوو، هەفتەی داهاتووە، ئێمە هاتووین داوای کەمکردنەوەی دەوام دەکەین، ئەگەر چی مووچەشمان کەمە نایدەن.
خۆپیشاندەرێکی دیکە دەڵێت: "ئێمە بەهۆی گەندەڵیی ئیدارییەوە سزادراوین، کێشەمان هەیە و ستەممان لێ دەکرێت. پێشتر 24 کاتژمێر بە شێوەی نۆرە دەواممان دەکرد، بەڵام ئێستا دەوامی دوو رۆژمان بە یەک رۆژ پێ دەکەن."
باسی لەوەش کرد، تەمەنێکە فەرمانبەری وەزارەتی کارەبان و گوتی "پێشتر یەک رۆژ دەواممان دەکرد و سێ رۆژ پشوومان بوو، بەڵام ئێستا یەک رۆژ دەوام دەکەین و یەک رۆژ پشوومانە."