حووسییەکان هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی سعوودییە
حووسییەکانی یەمەن بە چەند مووشەکێکی بالیستی کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعوودیەیان لە دەریای سوور کردە ئامانج.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 05ـی ئابی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعوودیەیان بە چەند مووشەکێکی بالیستی کردووەتە ئامانج.
وەک ئەوەی یەحیا سەریع باسی کردووە، هێزەکانیان کەشتیی نەوتهەڵگری سعوودیی (وەفا)ـیان لە باکووری دەریای سوور و بەرانبەر ناوچەی "یەنبەع" پێکاوە.
گوتەبێژی حووسییەکان باسی لەوەش کردووە، هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکە لە چوارچێوەی ئەوەدا دێت کە خۆی بە "هاوکێشەی گەمارۆ بەرانبەر گەمارۆ" وەسفی کردووە.
لە مانگی رابردووەوە، گرووپی حووسییەکان گەمارۆی دەریاییان بەسەر کەشتییەکانی سعوودیەدا لە دەریای سوور راگەیاندووە. ئەم گرژییانە مەترسیی زۆری بۆ سەر رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دروست کردووە، بەتایبەتی گەرووی باب ئەلمەندەب.
جگە لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، حووسییەکانی یەمەن، لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەندان جار هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانە و کۆمپانیاکانی نەوتی سعوودییە.
سعوودییەش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، هێرشی کردووەتە سەر چەندان ئامانجی حووسییەکان لەنێوخۆی یەمەن.