هەناردەی نەوتی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە
کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکرای دەکات، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمزەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تەنیا 20 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 05ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نیشتمانیی فرۆشتنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بەئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکانەوە، بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ تەنیا 20 هەزار بەرمیل دابەزیوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، داخستنی گەرووی هورمز کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
وەک سەرچاوەکە باسی کرد، هەرچەندە رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نێوان هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا هێشتا بەردەوامە، بەڵام بڕی هەناردەکراو بەهۆی لێکەوتەی قەیرانە هەرێمییەکانەوە بە توندی کەم بووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسەی سۆمۆ، عێراق لە مانگی تەممووزی رابردوودا کۆی گشتی 42 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، حەوت ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا نێردراوە. هاوکات تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە ملیۆنێک و 950 هەزار بەرمیل.
سەرچاوەکەی سۆمۆ روونی کردەوە بەهۆی ئەم قەیرانانەوە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆریی جەیهانەوە بۆ 60 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە، بە هەمان شێوە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە 230 هەزار بەرمیلەوە بۆ تەنیا 20 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەم بووەتەوە.