حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک: دژی رێککەوتنی تاکلایەنەین

کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک
کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک

لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە شاری کەرکووک دوای کۆبوونەوەیەکی فراوان، راگەیەنراوێکی حەوت خاڵییان بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە یەکڕیزیی ماڵی کورد، وەرگرتنەوەی پۆستە لەدەستچووەکان و رێگریکردن لە هەر رێککەوتنێکی تاکلایەنە دەکەنەوە لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، بە مەبەستی یەکخستنی گوتاری سیاسی و هەڵوێستی کورد لەسەر پرسە نەتەوەییەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو. دوای تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی شارەکە، سەرجەم لایەنەکان لەسەر حەوت خاڵی سەرەکی رێککەوتن.

بەپێی راگەیەنراوی کۆتاییی کۆبوونەوەکە، لایەنەکان بڕیاریان داوە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بێت و هەوڵی جدی بدەن بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو پۆستە کارگێڕییانەی پشکی کورد بوون و لە رابردوودا لەدەست دراون. هەروەها هۆشدارییان داوە لەوەی نابێت لە پێناو پۆستێکی کارگێڕی یان بەرژەوەندیی تەسک، ماڵی کورد پەرتەوازە بکرێت و دەرئەنجام پۆستەکانیش لەدەست بدرێن.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "دەنگی پێکهاتەی کورد لە شارەکە زۆرینەیە و پێویستە رێز لەم سەنگە بگیرێت، نابێت هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بکرێت ببێتە هۆی نیگەرانکردنی شەقامی کوردی و لێکدابڕانی یەکڕیزیی کورد". 

لایەنەکان جەختیان لەوەش کردووەتەوە، کێشەی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کێشەی خاکە لەگەڵ دەسەڵات، بۆیە یەکدەنگی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان بە پێویست دەزانن.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کورد بەشێکی زۆری پۆستە کارگێڕی و ئەمنییەکانی پارێزگای کەرکووکی لەدەست دا، لە نێویاندا پۆستی پارێزگار.