کیم یۆ جۆنگ: ژاپۆن لەژێر چەتری ئەمریکادا هەوڵی پڕچەککردنی خۆی دەدات

خوشکی رێبەری کۆریای باکوور، رەخنەی لە تاقیکردنەوەی مووشەکی تۆماهۆک لەلایەن ژاپۆنەوە گرت و هۆشداری دا، وڵاتەکەی بژاردەی سەربازیی نوێ لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە دەگرێتە بەر.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA) بڵاویکردەوە، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی رێبەری کۆریای باکوور، ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، ژاپۆن لەم دواییانەدا مووشەکی کروزی دوورمەودای تاقیکردووەتەوە و لە مانگی ئایاری رابردووشدا بەشداری لە مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشدا کردووە لە فلیپین بە سەرکردایەتی ئەمریکا.

خوشکی کیم تۆکیۆی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵ دەدات "خەونی بوون بە هێزێکی سەربازی گەورە" بشارێتەوە و رایگەیاند، ئەمریکا لە پشتی ئەم جووڵە مەترسیدارانەوەیە".

حکوومەتی ژاپۆن لە "کتێبی سپی بەرگری"دا، کە رۆژی سێشەممە پەسەندکرا، جەختی لەسەر پێویستی خۆگونجاندن لەگەڵ شێوازەکانی جەنگی مۆدێرن کردەوە، وەک بەکارهێنانی درۆن و ژیریی دەستکرد، هاوشێوەی ئەوەی لە ئۆکرانیا دەگوزەرێت.

لە راپۆرتەکەی ژاپۆندا هاتووە؛ چین گەورەترین ئالنگاریی ستراتیژییە بۆ سەر وڵاتەکەیان. تۆکیۆ هەوڵ دەدات لە رێگەی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازی و درۆنەوە، قەرەبووی کەمیی ژمارەی سەربازەکانی بکاتەوە کە بەهۆی پیربوونی دانیشتوان و دابەزینی رێژەی لەدایکبوونەوە دروست بووە. بەڵام شارەزایان پێیان وایە پەرەپێدانی درۆنی ناوخۆیی بۆ ژاپۆن کارێکی ئاسان نابێت، چونکە ئێستا بازاڕی درۆن لەو وڵاتەدا لەژێر کۆنترۆڵی بەرهەمە چینییەکاندایە.