پەرلەمانی تورکیا وردەکاریی پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی راگەیاند

ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە
ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە

پەرلەمانی تورکیا دەقی پڕۆژەیاسای چەکداماڵینی پەکەکە و چارەسەری پرسی کورد بڵاوکردەوە، پڕۆژەیاساکە لە 12 ماددە پێکدێت و میکانیزمێکی نوێ بۆ لێخۆشبوون و دواخستنی سزای زیندانییەکان لە خۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ فراکسیۆنەکان، دەقی پڕۆژەیاسای تایبەت بە قۆناخی نوێی چارەسەری و چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکرایەوە.

 پڕۆژەیاساکەی چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی لە 12 ماددە پێکدێت و بە "یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی" ناسراوە، ئامانجی سەرەکیشی پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییهاتنی بوونی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و رادەستکردنی تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانە.

بەپێی دەقی پڕۆژەیاساکە، دیاریکردنی کۆتاییهاتنی کردەیی و چەکداماڵینی رێکخراوەکە لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستنیشان دەکرێت و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیش پشتڕاستی دەکاتەوە. 

یاساکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە تۆمەتبارن بە دامەزراندن، سەرکردایەتیکردن، ئەندامبوون و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و کەجەکە، لەگەڵ ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی؛ بەڵام ئەوانەی تێوەگلاون لە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست، یان پێش یەکی حوزەیرانی 2005 سزای زیندانیی هەتاهەتایی یان زیندانیی قورسی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاوە، لە یاساکە بێبەش دەبن.

پڕۆژەیاساکە میکانیزمێکی نوێی بۆ دواخستنی لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و سزاکان داڕشتووە، بە جۆرێک بۆ ئەو تاوان و سزایانەی لە 15 ساڵ کەمترن ماوەی پێنج ساڵ، بۆ ئەوانەشی لە 15 ساڵ زیاترن یان زیندانیی هەتاهەتایین ماوەی 10 ساڵ پرۆسەی دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزاکانیان دوادەخرێت. ئەگەر لەو ماوەیەشدا ئەو کەسانە هیچ تاوانێکی نوێ ئەنجام نەدەن، دۆسیەکانیان دادەخرێت و سزاکانیان بە جێبەجێکراو هەژمار دەکرێت، هەروەها لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکەدا تەواوی رێکارەکانی دەستبەسەرکردن و چاودێریی دادوەری لادەبرێن.

بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، ئەنجوومەنێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆککۆماری تورکیا و ئەندامێتیی وەزیرانی داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و چەند بەرپرسێکی تر پێکدەهێنرێت. 

هاوکات لە پەرلەمانی تورکیاش لیژنەیەکی 17 کەسی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە دروست دەکرێت، پێویستیشە ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە یاساکە سوودمەند بن، لە ماوەی شەش مانگدا دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە رۆژنامەی فەرمی، داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

دەستپێکی ئەم قۆناخە نوێیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2024، کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد و چەکداماڵینی پەکەکە راگەیاند. 

ئەم یاسایە بە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی چەندین ساڵە دادەنرێت و ئامانجییەتی پرۆسەی بەشداریپێکردنی سیاسیی کورد فراوانتر بکات و کۆتایی بە بوونی چەکداری بهێنێت.