رۆیتەرز: بەپێی رێککەوتنی ئێران و عومان کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز دەدرێتە ئێران

ئەسۆشێتد پرێس: ئێران و عومان رەشنووسی رێککەوتنی گەرووی هورمزیان تەواو کردووە و چاوەڕێی بڕیاری رێبەری باڵان

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد، بەپێی دەقی پێشنیازکراوی رێککەوتنی نێوان تاران و مەسقەت، ئێران کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر ئەو کەشتییانەدا دەبێت کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن؛ هاوکات بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە رەزامەندیی کۆتایی رێبەری باڵای ئێرانی لەسەر ماوە و دەکرێت رێگەخۆشکەر بێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ناوەکییەکان.

چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێران و دوو بەرپرسی ناوچەکە بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی دەقی پێشنیازکراوی رێککەوتنیی نێوان تاران و مەسقەت؛ ئێران کۆنتڕۆڵی تەواوەتی بەسەر ئەو کەشتیانەدا دەبێت کە بە مەبەستی چوونە ناو کەنداو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن. ئەم مەرجە نوێیە وەک یەکێک لە گەورەترین سازشەکان بۆ بەرژەوەندیی داواکارییەکانی تاران لە قەڵەم دەدرێت.

ئاماژەشی داوە، سەرەڕای ئەم هەنگاوە دیارە بەرەو قبووڵکردنی داواکارییەکانی ئێران، سەرچاوە فەرمییەکان بە توندی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان رەتکردەوە کە رایگەیاندبوو گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز نزیک و دەستبەجێیە.

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردەوە، هێشتا چەندین وردەکاریی زۆر گرنگ و پێویست ماون کە دەبێت لەسەریان رێکبکەون پێش ئەوەی واژۆی کۆتایی لەسەر لێک تێگەیشتنەکە بکرێت.

هەروەها ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری چەند بەرپرسێکەوە رایگەیاندووە، دانوستانکارانی تاران و مەسقەت نووسینەوەی رەشنووسی رێککەوتننامەکەیان لەسەر گەرووی هورمز تەواو کردووە، بەڵام جێبەجێکردنی فەرمیی پڕۆژەکە ئێستا بەستراوەتەوە بە دەربڕینی رەزامەندی و مۆڵەتی کۆتایی لە لایەن موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم رێککەوتنە پێشنیازکراوە تەنیا وەک رێوشوێنێکی کاتی سەیر دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییە دەریاییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی وزە.

هاوکات، جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکرێت رێگە خۆش بکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ فەرمییەکان لەسەر پڕۆگرامی ناوەکیی تاران، دوای ئەوەی رێککەوتنەکەی پێشوو لەم بوارەدا بە تەواوی هەرەسی هێنابوو.