بەقایی: ئێران و عومان لەبارەی رێڕەوێکی نوێ لە هورمز گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند تاران و مەسقەت لەسەر دیاریکردنی نەخشە و هێڵە جوگرافییەکانی رێڕەوێکی نوێی ئارام لە گەرووی هورمز گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی فەرمی، بەڵام جەختیش دەکاتەوە، ئەم رێککەوتنە بە تەنیا ئاسایش بۆ کەشتییەکان دابین ناکات بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاوە.

چوارشەممە 5ی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لەبارەی راپۆرتە جۆراوجۆرە ناوچەیی و رۆژئاواییەکان لەسەر گفتوگۆکانی ئێران و عومان، روونی کردەوە، دانوستانەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتی هاوسنووری گەرووی هورمز لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەردەوامییان هەبووە.

گوتی: ئامانجی سەرەکیی ئەم گفتوگۆیانە دیاریکردنی رێڕەوێکی هاتوچۆی تەواو پارێزراوە بۆ کەشتیڕانیی بازرگانی، کە لە لایەن دامەزراوە پسپۆڕ و خاوەن دەسەڵاتەکانی ئێرانەوە لە سەرجەم رەهەندە جیاوازەکانی تەکنیکی، یاسایی، ئەمنی و ژینگەییەوە هەڵسەنگاندنی وردی بۆ کراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رەوتی دانوستانەکانی بە پیشەیی و بەرەو پێشچوو وەسف کرد و ئاماژەی دا، "خاڵی جوگرافیی رێڕەوی مەبەستی هەردوولا، بووەتە جێگەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش. ئەگەر هەندێک لایەنی سێیەم لەم بوارەدا کۆسپ و بەربەست دروست نەکەن، راگەیەندراوی هاوبەشی هەردوو وڵات کە سەرنج و خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکەی تێدایە، لە قۆناخی پێداچوونەوە و داڕشتنی کۆتاییدایە."

بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، داخستنی گەرووی هورمز بەهۆی دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو دژی ئێران و دەرهاویشتە ئەمنییەکانی بۆ سەرانسەری ناوچەکە، بۆیە لێک تێگەیشتنی ئێران و عومان لەبەر خۆیدا ناتوانێت بە تەواوی ئاسایش بۆ کەشتییە تێپەڕبووەکان دابین بکات؛ چونکە هۆکارەکانی تێکدانی ئاسایش لە لایەن ئەمریکاوە بە تایبەت گەمارۆی دەریایی و رەفتارە دەستدرێژکارانە و هەڕەشەئامێزەکانی تری دژی ئێران و بەرژەوەندییەکانی هێشتا بەردەوامن.

لە وەڵامی پرسیارێکی تردا سەبارەت بە ئەگەری گەشتی وەزیری دەرەوە یان سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ پاکستان یان قەتەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، بەقایی رایگەیاند: "هیچ بەرنامەیەکمان بۆ گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتانە نییە. بێگومان پاکستان و قەتەر بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەگەڵیاندا لە پەیوەندی و گۆڕینەوەی بەردەوامی بیروڕادایە."