کازم غەریبئابادی رێڕەوێکی نوێ لە گەرووی هورمز ئاشکرا دەکات

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، وردەکاریی نوێی دانوستانەکانی تاران و مەسقەت لەسەر گەرووی هورمز ئاشکرا دەکات و جەخت دەکاتەوە، رێڕەوە کۆنەکان لە کەناراوەکانی لارک و ناو ئاوەکانی عومان دادەخرێن و رێڕەوێکی کاتیی نوێ دیاریدەکرێت کە زۆربەی لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت.

چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، دانوستانەکانیان لەگەڵ عومان لەسەر پرسی گەرووی هورمز پرسێکی زۆر قورس و ئاڵۆز بووە و زیاتر لە سێ هەفتەیە بەردەوامە.

گوتی: ئامانجی تاران لەم گفتوگۆیانە تەنیا دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ئاسایشی کۆماری ئیسلامییە، کە لەم چوارچێوەیەدا لەسەر کێشانی نەخشە و هێڵە جوگرافییەکانی رێڕەوی نوێی چوون و هاتنەوەی کەشتییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی بنەڕەتی، کە گۆڕانکارییەکە دوای شەش دەیە لە کارکردن بە سیستمی کۆنی رابردوو.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە، رێڕەوی باکوور کە لە نزیک دوورگەی لارک دروستکرابوو، لەگەڵ رێڕەوی باشوور کە لە ناو ئاوە ناوخۆییەکانی عوماندا بوو بە تەواوی دادەخرێن چونکە تەنیا رێڕەوی کاتیی پێشوو بوون. لە بەرامبەردا، رێڕەوێکی کاتیی نوێ دەستنیشان دەکرێت کە بەشێکی زۆری (چ لە کاتی چوونە ژوورەوە و چ لە بەشێکی دەرچووندا) بە ناو ئاوە هەرێمییەکانی ئێراندا تێپەڕ دەبێت، و بەشەکەی تریشی بە ناو ئاوە هەرێمییەکانی عوماندا دەبێت. ئەم رێڕەوە کاتییە دەکرێت بۆ ماوەی 2 تا 4 مانگ یان زیاتریش بەردەوام بێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەشتیڕانی.

غەریبئابادی جەختی کردەوە، تاران بە هیچ شێوەیەک دەستوەردانی دەرەکی لە گەرووی هورمزدا قبووڵ ناکات و مافی بڕیاردان لەم بابەتەدا تەنیا لە نێوان ئێران و عوماندایە. ئاماژەی بەوە کرد، بەندی 5ی یادداشتی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد تەنیا وەک مەرجێکی ڕێ نیشاندەر بووە نەک بڕیاری کۆتایی، کە تێیدا بڕیاربوو ئێران بۆ ماوەی 60 رۆژ ڕێگە بە هاتوچۆی بێبەرامبەری کەشتییەکان بدات؛ بەڵام جێبەجێکردنی فۆرمی کۆتایی و پرسی وەرگرتن یان وەرنەگرتنی باج بەندە بە قۆناخی دووەمی لێکگەیشتنەکان کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و ڕایگەیاند، واشنتن سەرجەم بەڵێنەکانی لە ژێر یادداشتی ئیسلام ئاباد پێشێل کردووە؛ لەوانە گەڕاندنەوەی گەمارۆ دەریاییەکان، دەستپێکردنەوەی جەنگ لە کاتێکدا دۆخی لوبنان هێشتا بە تەواوی سەقامگیر نەببوو، سەپاندنەوەی سزای نەوتی دژی ئێران، و راگرتنی پڕۆسەی ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران. 

هەروەها جەختی کردەوە، رێککەوتنی عومان بە تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز بەس نییە، مەگەر کاتێک ئەمریکا سەرجەم پێشێلکاری و تاوانەکانی دژی ئێران رابگرێت و بگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی.

غەریبئابادی ئاشکراشی کرد کە 4 بۆ 5 رۆژ دوای دەستپێکردنەوەی خولی نوێی گرژییەکان، دۆناڵد ترەمپ پەیامی داوای گفتوگۆ و چارەسەری ناردووە. 

 دووپاتیشی کردەوە، لە هاوئاهەنگیی تەواوەتیی هێزەکان و دیپلۆماسی کردەوە و رایگەیاند: "لە دۆخی جەنگی ئێستا، چالاکییە سەربازییەکانی مەیدان و دیپلۆماسی هاوتەریبی یەکترن و 100% بە یەکەوە کار دەکەن؛ بۆیە هەر کاتێک ئەمریکا بەڵێنی شکاندبێت یان هێرشی ئەنجامدابێت، بە توندی لە مەیداندا بەرپەرچمان داوەتەوە."

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، هەر جۆرە بانگەشەیەکی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە بوونی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ تاران لەم چەند رۆژەی رابردوودا بێبنەمایە و هیچ دانوستانێک ئەنجام نەدراوە. جەختی کردەوە، رێڕەوی لێک تێگەیشتنەکان تەنیا لە نێوان ئێران و عوماندایە لەسەر پرسی گەرووی هورمز و هیچ گفتوگۆیەکی سەربەخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بەڕێوەنەچووە.

سەرەڕای نەبوونی دانوستانی راستەوخۆ، غەریبئابادی ئاشکرای کرد، ئەوان چەند پەیامێکی فەرمییان لە لایەن لایەنی ئەمریکییەوە پێگەیشتووە و گوتی: "ئەو پەیامانەی پێمان گەیشتوون دەریدەخەن کە ئەمریکا ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر بەڵێنە فەرمییەکانی، و خودی ئەمریکییەکان خۆیان ئەم بابەتەیان راگەیاندووە."

غەریبئابادی جەختی کردەوە کە بڕیاردانی کۆتایی لەسەر چوونە ناو قۆناخی دووەمی پڕۆسەکە (کە بڕیاردانە لەسەر جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئاسایشی گەرووی هورمز و پرسی باج)، بەهۆی ئاڵۆزی و قورسیی بارودۆخەکەوە هێشتا یەکلا نەکراوەتەوە و لە ژێر پێداچوونەوەی ورددایە لە لایەن دەسەڵاتدارانی باڵای نیشتمانییەوە.

سەبارەت بە هەواڵی بانگهێشتکردنی بەرپرسانی باڵای تاران بۆ دەرەوە، جێگری وەزیری دەرەوە پشتڕاستی کردەوە، پێشتر هەم لە لایەن سەرۆکی پەرلەمان و هەم لە لایەن وەزیری دەرەوەوە بانگهێشتی فەرمییان لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە پێگەیشتووە، بەتایبەت لە لایەن حکوومەتی پاکستانەوە.

غەریبئابادی ئاماژەی بەوە کرد، پاکستان وەک دەوڵەتێکی نێوەندگیر لەم ململانێیانەدا رۆڵ دەگێڕێت و سەردانی جۆراوجۆری بەرپرسانی هەردوولا ئەنجامدراوە، بۆیە بانگهێشتەکە راستە، بەڵام تا ئێستا هێشتا هیچ بەرنامەڕێژییەک یان خشتەیەکی کاتیی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی ئەم سەردانانە نەکراوە.