گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی دەستپێدەکات
یەکەم کاروان 648 خێزان دەگرێتەوە
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، دوای گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ شاری عەفرین، بڕیارە بەیانیی سبەی پێنجشەممە یەکەم کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شاری سەرێ کانی بۆ شارەکەی خۆیان بەڕێبکەوێت.
سبەی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، کاتژمێر 8:00ی بەیانی، یەکەم کاروانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شاری "سەرێ کانی" دەستپێدەکات.
کاروانی یەکەم (648) خێزان لەخۆدەگرێت و جولەی کاروانەکە لە خاڵی کۆبوونەوە لە شارۆچکەی "توێنە"ی بەرامبەر کامپی "واشۆکانی" لە شاری حەسەکە دەستپێدەکات و بەرەو شاری سەرێ کانی بەڕێدەکەون.
ئەم پرۆسەیە لەژێر رێکاری ئەمنی و لوجیستیی کامڵی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا بەڕێوەدەچێت، بە مەبەستی زامنکردنی سەلامەتیی گەیشتنی هاووڵاتییان، چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی تەباەیی کۆمەڵایەتی.