حوسییەکان: ئێمە هێرشمان کردووەتە سەر کەشتییەکەی سعوودیە
یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان، ئاشکرای کرد کەشتیی نەوتهەڵگری سعوودییان لە کەنداوی عەدەن بە مووشەکێکی بالیستی کردووەتە ئامانج و ناچاریان کردووە گەشتەکەی بپچڕێنێت و بگەڕێتەوە.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی ئابی 2026، رووداوێکی هێرشکردن بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری سعوودی لە کەنداوی عەدەن روویدا، رووداوەکە لە لایەن دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا پشتراستکرایەوە، دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە تەقینەوەیەکی بەهێز لە دووری 95 میل لە باشووری رۆژهەڵاتی عەدەن و لە نزیک کەشتییەک روویداوە، هەرچەندە دەستەکە ناوی کەشتییەکەی ئاشکرا نەکردبوو.
هاوکات کاپتنی کەشتییەکە بە لایەنی بەریتانی راگەیاندووە، تەقینەوەکە زۆر لە کەشتییەکەوە نزیک بووە، بەڵام هەموو ئەندامانی تیمەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی و ژینگەیی لە ناوچەکەدا تۆمار نەکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مووشەکەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەر کەشتییەکە نەکەوتووە.
لە بەرامبەردا یەحیا سەریع گوتەبێژی چەکدارانی حوسییەکانی یەمەن، رایگەیاند ئەم هێرشە لە چوارچێوەی هاوکێشەی گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ دژی سعوودیە لە لایەن ئەوانەوە ئەنجامدراوە و هۆشداری دەدەن، چاودێری هەموو جووڵە دەریاییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن و رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەک نادەن تا گەمارۆی سەر یەمەن لانەبرێت.
رەفتاری سەربازیی حوسییەکان لە ناوچەکەدا لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە، بەو پێیەی تەنها لەم هەفتەیەدا هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری هیندی و بووەتە هۆی نوقمبوونی تەواوەتی، هاوکات هێرشێکی دیکەش کراوەتە سەر کەشتییەکی سعوودی لە نزیک بەندەری یەنبوع لە دەریای سووردا.
زیاندبوونی رووداوەکان هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن مەترسییەکان لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوور گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز، ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی دەریاوانی و جووڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی لەو ناوچە ستراتیژییەدا دروست کردووە.