ترەمپ: دەمەوێت لەگەڵ ئێران رێککەوم

دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای دەکات، ئارەزوو دەکات لەگەڵ ئێران بگاتە رێککەوتن بە مەبەستی رێگریکردن لە کوژرانی خەڵک، ئاشکراشی کرد کە پێشتر پلانیان بۆ دەستپێکردنی گەورەترین هێرشی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بۆ سەر ئێران داڕشتبوو، بەڵام تاران داوای دانوستانی کردووە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "دەمەوێت لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن، چونکە نامەوێت خەڵک بکوژرێت، ئێمە پلانمان بۆ گەورەترین هێرش لە دژی ئێران داڕشتبوو کە دەبووە گەورەترین هێرشی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، بەڵام ئەوان پەیوەندییان پێوە کردین و داوایان کرد هێرش نەکەین و دەست بە قسەکردن بکەین."

سەبارەت بە رەتکردنەوەی ئەو داوایە لەلایەن ئێرانییەکانەوە،  سەرۆکی ئەمریکا گوتی "هەرچەندە ئەوان دەڵێن شتی وامان نەوتووە، هەروەها میدیا و هەواڵە ساختەکانیش ئەو راستییە دەشارنەوە، بەڵام باش دەزانن کە ئێرانییەکان خۆیان ئەو داوایەیان کردووە، ئێستاش لە پرۆسەی دانوستانداین و دەبینین چی ڕوو دەدات."

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێستا ئێران رێزیان لێدەگرێت، هاوکات ڕەخنەی توندی لە ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا گرت و رایگەیاند "ماوەی 50 ساڵە هیچ سەرۆکێک ئەوەی پێویست بوو بەرامبەر ئێران ئەنجامی نەداوە."

هاوکات دووپاتی کردەوە، هێڵی سووری ئەوان ئاشکرایە و "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."