زاخۆ؛ جووتیاران لە گۆڕەپانێکی تایبەتدا بەرهەمەکانیان دەفرۆشن

لە گۆڕەپانی فرۆشتنی شووتی و کاڵەک لە زاخۆ، بازاڕێکی جیاواز بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی دروست بووە؛ جووتیاران بەرهەمەکانیان بە شێوازی مەزاد دەفرۆشن و دەڵێن، هەرچەندە نرخەکەی لە فرۆشتنی راستەوخۆ کەمترە، بەڵام خێرایی لە فرۆشتنی بارەکانیان وای کردووە روو لەو گۆڕەپانە بکەن.

بەیانیان زوو و هاوکات لەگەڵ رۆژهەڵاتنی خۆر، جووتیارانی دەشتی سندیان و ناحیەی دەرکار، بەرهەمی زەوییەکانیان دەهێننە گۆڕەپانی فرۆشتنی میوە لە زاخۆ. لەوێ فرۆشتن بە شێوازێکی جیاوازە و بەرهەمەکان بە کیلۆ نافرۆشرێن، بەڵکو بە شێوازی مەزاد و کێ پارەی زیاتر بدات، بارەکە بۆ ئەو دەبێت.

وڵات، جووتیارێکی ناحیەی دەرکاری دەشتی سندیانە و باری کاڵەکی هێناوەتە گۆڕەپانەکە، ئەو بۆ کوردستان24 باس لە سوودی ئەو بازاڕە دەکات و دەڵێت: "لەو گۆڕەپانەدا میوە ناوەستێت و هەر زوو دەفرۆشرێت. ئێستا بارەکەم بە 145 هەزار دینار فرۆشت، لە کاتێکدا ئەگەر بە کیلۆ و بە راستەوخۆ بە کڕیاری بدەم، نرخەکەی دەگاتە 400 هەزار دینار، بەڵام لێرە تەنیا لە 15 خولەکدا بارەکەم فرۆشت."

جووتیارانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، هۆکاری رووکردنیان بۆ ئەم گۆڕەپانە ئەوەیە کە بەرهەمەکانیان زۆر خێراتر لە عەلوەکان دەفرۆشرێت؛ چونکە لە عەلوەکاندا فرۆشتن بە کیلۆیە و کاتی زۆری دەوێت، بەڵام لێرە بەهۆی سیستەمی مەزادەوە، جووتیار دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا بەرهەمەکەی ساغ بکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.