دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە رانیە چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی بەسەردا هاتووە

رێوشوێنی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە رانیە چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی بەسەردا هاتووە، سیستەمی تاک و جووت په‌یڕه‌و ده‌كرێت، دەبێ شۆفێر مۆڵەتی شۆفێری هەبێت، لە 40 لیتر زیاتر نادرێتە شۆفێر، بە بلیت دابەش دەکرێ .

لەوبارەوە ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین گوتی: نرخی بەنزین گران بووە، ئێستا لە رانیە نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە 1225 دینارە، بۆیە خواست لەسەر بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراوی حکوومی زیاد بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاڵەستۆیەکی زۆر کەوتبووە سەر ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی 750 دیناری دەفرۆشن، بۆیە لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی و قایمقامیەتی رانیە و هەموو لایەن پەیوەندارەکانی ئیدارەی راپەرین بۆ رێکخستنەوەی پڕۆسەکە کۆمەڵێک رێوشوێنیان گرتەبەر.

گوتیشی: ئیستا کارمەندی لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی لەبەردەم دەرگای بەنزینخانە کارت بە شؤفێران دەدەن کە تەنیا دەتوانن 40 لیتر بەنزین وەرگرن، هەروەها بەنزینیش بە تاک و جووت دابەش دەکرێت، واتە لە رۆژە تاکەکانی هەفتە ئۆتۆمبێلی ژمارەی تاک بەنزین وەردەگرێت، لە رۆژانی جووتیشی ژمارە جووتەکان بەنزین وەردەگرن.

دەشڵێت: تەنیا لەسەنتەری شارۆچکەی رانیە رۆژانە 36 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت، گوتیشی: بەهۆی ناڕەزایەتی شۆفێرانی قەڵادزێ، ئێستا لەوێش هەفتانە دوو رۆژ بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومی دابەش دەکرێت.

پێشتر باس لەوەکرابوو هەر شۆفێرێک مۆڵەتی شۆفێری نەبێت ناتوانێت بەنزین وەرگرێت و سزادەدرێت، لەوبارەوە رائید عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی ئیدارەی راپەرین بە کوردستان24ـی گوت: ئەوکەسەی بەنزین وەردەگرێت شؤفێرە، ئەگەر کەسێکیش مۆڵەتی شۆفێری نەبێت نەک نابێت بێتە نۆرەی بەنزین نابێت ئۆتۆمبێل لە ماڵەوە بێنێتە دەرەوە. چونکە هەندێک کەس منداڵەکانیان دەنێرنە نۆرەی بەنزین کە تەمەنیان 15 و 16 ساڵە کە بەپێی یاسا بۆی نییە ئۆتۆمبێل لێخوڕێت.

دەشڵێت، لەبەر ئەوەی نۆرەی ئافرەتان جیاکراوەتەوە و نۆرەکەیان کەمە، هەندێک شؤفێر ئۆتۆمبێلەکەی دەداتە دەست خێزانەکەی کە مۆڵەتی شۆفێری نییە، ئەمەش رێکاری بەرامبەر دەگیرێتە بەر.