ترەمپ رەتیدەکاتەوە یەدەگی چەک و تەقەمەنیان کەمی کردبێت
ئێوارەی چوارشەممە، کۆشکی سپی هەواڵی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی سەرۆکی ئەمەریکا دوناڵد ترەمپ لە وەزیری جەنگ، بەهۆی کەمیی یەدەگی چەک و تەقەمەنی رەتکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، ترەمپ جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی هەیە.
دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی "ترووس سوشیاڵ"ـەوە نووسیویەتی "ئەمەریکا خاوەنی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنییە، بەتایبەت لە جۆرە دیاریکراوەکاندا، سەڕەرای ئەوەش، بڕێکی زۆر لەو کەرەستە سەربازییانە دروست دەکرێن و بە گوێرەی پێویست رەوانەی ئەمەریکا دەکرێنەوە".
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکانی پیشەسازی سەربازی "زۆرترین ژمارەی کارگە و ناوەند لە مێژووی وڵاتەکەماندا دروست دەکەن".
ترەمپ راشیگەیاند "بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە ئەم لێدوانە خیانەتکاریانەیان دزە پێکردووە و هەوڵدەدرێت سزای زیندانیکردنی درێژخایەن بەسەریاندا بسەپێنرێت".
پێشتر کۆشکی سپی راپۆرتێکی رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ـی رەتکردبووەوە، کە باسی لەوە کردبوو ترەمپ لە وەزیرەکەی جەنگی پیت هێگسێت نیگەرانە بەهۆی کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنییەوە، ئەو زانیارییانەی بە "نادروست" وەسف کردبوو.
لای خۆیەوە، واشنتن پۆست لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردبووەوە، ترەمپ داوای روونکردنەوەی لە هێگسێت کردووە سەبارەت بە کەمبوونەوەی یەدەگی تەقەمەنی، بەتایبەت مووشەکە دوور مەوداکان و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و کاریگەریی ئەم کێشەیە لەسەر بژاردە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە ئێران.
بە گوێرەی هەواڵی رۆژنامەکە، بێهیوا بوونی سەرۆکی ئەمەریکا کاتێک زیاتربووە کە بۆی دەرکەوتووە کەمیی چەک و تەقەمەنی سنووری بۆ تواناکانی ئەمەریکا داناوە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان دژی ئێران، لە کاتێکدا ترەمپ پێیوابوو کێشەی یەدەگی چەک چارەسەر کرابوو، پێش ئەوەی لە رێگەی گفتوگۆ ناوخۆییەکانەوە بۆی دەربکەوێت کە کێشەکە هێشتا بەردەوامە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە ناوخۆی ئیدارەکەدا سەبارەت بە ئامادەیی سوپای ئەمەریکا.