لە کەناراوەکانی عومان نەوت رژاوەته‌ نێو ده‌ریا

وێنەیەکی مانگە دەستکردەکان کە لە لایەن (AFP)ـەوە بڵاوکراوەتەوە
وێنەیەکی مانگە دەستکردەکان کە لە لایەن (AFP)ـەوە بڵاوکراوەتەوە

رژانی بڕێکی زۆر نەوت لە کەناراوەکانی باشووری عومان مەترسییەکی گەورەی ژینگەیی دروستکردووە، بەتایبەتی لەسەر ژیانی زیندەوەرە دەریاییەکان و سەرچاوەی بژێویی ماسیگرانی ناوچەکە.

وێنەی مانگە دەستکردەکان بڵاوبوونەوەی بڕێکی زۆری نەوت لە کەناراوەکانی باشووری عومان لە دەریای عەرەبی نیشان دەدەن. 

ئەو نەوتە لە نزیک دوورگەی "قیبلیە" بڵاوبووەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری رووسی بە ناوی (کارۆلین بێزێنگی) دەگەڕێتەوە.

 ئەو کەشتییە زیاتر لە 800000 بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو و لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بەهۆی هێرشێکەوە لەکارکەوتووە.

بەپێی زانیارییەکانی نێو وێنەکان، زیاتر لە مانگێکە ئەو نەوتە بە نێو ئاوەکەدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێکارێک بۆ راگرتن یان پاککردنەوەی نەگیراوەتەبەر. 

رێکخراوی گرینپیس ئاشکرای کردووە، رووبەری بڵاوبوونەوەی نەوتەکە لە ماوەی چەند رۆژێکدا بە شێوەیەکی خێرا فراوان بووە و گەیشتووەتە نزیکەی 600 کیلۆمەتر دووجا.

شارەزایانی ژینگە هۆشداری دەدەن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو رووداوە و رایدەگەیەنن، بڵاوبوونەوەی ئەو نەوتە مەترسیی راستەوخۆ بۆ سەر سەرچاوەی بژێویی ماسیگرە عومانییەکان و ژیانی زیندەوەرە دەریاییەکانی ئەو ناوچەیە دروست دەکات.

دوورگەی قیبلیە بە یەک لە ناوچە پارێزراوە ژینگەییەکان هەژمار دەکرێت و نیشتمانی چەندین جۆری دەگمەنی نەهەنگ و کیسەڵی دەریاییە.