کۆمپانیای کیپلەر: عێراق هەناردەی نەوتی خۆی دوو هێندە زیاد کردووە

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای "کیپلەر"، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، بڵاوکراوەتەوە، هەناردەی نەوتی خاو لە وڵاتانی کەنداو بۆ مانگی تەممووزی رابردوو، نزیکەی 10.7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رێژەیە بەرزبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بە مانگی حوزەیران، بەڵام هێشتا بە رێژەی نزیکەی لەسەدا 40 لەو ئاستە کەمترە کە پێش پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا هەیبوو.

ئامارەکانی کۆمپانیای کیپلەر ئەوەی خستووەتە روو، عێراق رۆڵی گەورەی هەبووە لە پشتگیریکردنی هەناردەی ناوچەکە، پاش ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی بەراورد بە مانگی حوزەیران دوو هێندە زیاد کرد، سوودی لە زیادبوونی بارکردنی کەشتییەکانی نەوت وەرگرت، بە جۆرێک کە توانی بەشێک لە کەمی هەناردەی سعوودیە و ئیمارات قەرەبوو بکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەش، داتاکان خێرایی کەمبوونەوەی هاتنەژوورەوەی نەوتیان لە نیوەی دووەمی تەممووزدا نیشاندا، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە ئەمنییەکان لە گەرووی هورمز و دەریای سووردا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو کەشتییانەی کە رایانگەیاندبوو، رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، ئەم بابەتەش ژمارەیەک لە کەشتییەکانی ناچار کرد کە رێڕەوەکانیان بگۆڕن یان لە کاتی هاتوچۆدا سیستەمەکانی چاودێریکردن و راداریان بکوژێننەوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، جێگیربوونی هەناردەکان نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کەمیی دابینکردنی نەوت لە جیهاندا کەمکردووەتەوە، بەڵام جووڵەی کەشتییەکانی نەوت بەناو گەرووی هورمز و بابولمەندەب هێشتا لەو ئاستە کەمترە کە پێش جەنگ هەبوو، ئەمەش مەترسییە جیوپۆلەتیکییەکان بە کاریگەری بەسەر بازاڕەکانی وزەوە دەهێڵێتەوە.

بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تاران و هەڕەشی حووسیەکان لەگەرووی بابولمەندەب، هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداو بۆ بازاڕەکانی جیهان بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.