میسال ئالوسی بۆ عەلی زەیدی: بە دەستبەتاڵی لە ریاز نەگەڕێیتەوە!
میسال ئالوسی پەیامێکی توند ئاراستەی عەلی زێدی دەکات: داوا دەکات سەردانەکەی بۆ ریاز بەدەستبەتاڵی کۆتایی نەیەت و ببێتە هەلێک بۆ وەبەرهێنانی راستەقینە لە عێراق
سیاسەتمەداری دیاری عێراق، میسال ئالوسی، لە پەیامێکی فەرمی و تونددا ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی کرد، داوای لێ دەکات لە کاتی تێپەڕبوونی گەشتەکەیدا بە شاری ریاز سەردانەکە بکاتە دەرفەتێک بۆ عێراق و گەلەکەی، هۆشداریشی داوە لەوەی بە دەستبەتاڵی نەگەڕێتەوە.
ئالوسی لە پەیامەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، بۆ چەندین ساڵە سعوودیە لە عێراقدا لە رێگەی وێنە و گوتارێکی کۆنەوە ناسێنراوە، لە کاتێکدا دۆخی ئێستای عێراق پێویستی بە دیدگایەکی جددی و ستراتیژی هەیە. ئاماژەی بەوەش داوە تاران و ئەنقەرە بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی سیاسی، ئابووری و ستراتیژیی خۆیان دەدەن بەرەو سعوودیە و کەنداو، لە رووی جوگرافیاشەوە سعوودیە و ئوردن دەكەونە نێوان عێراق و ئیسرائیلەوە.
ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی، هاووڵاتییانی عێراقی سەرەڕای تێپەڕبوونی سامان و بودجەیەکی مەزن بە دەست حکوومەتەکان، هێشتا بەدەست قەیرانەوە دەناڵێنن و زۆربەی سامانەکە بەهۆی گەندەڵییەوە بە فیڕۆ دراوە. جەختیکردووەتەوە، هیچ شەرمێک لەوەدا نییە داوا لە سعوودیە بکرێت پشتگیریی عێراق بکات لە رێگەی وەبەرهێنان، هاوکاریی ئابووری و پڕۆژەی گەشەپێدانەوە، بەڵکو شەرمەزاریی راستەقینە ئەوەیە داوای هاوکاری لە دەرەوە بکرێت لە کاتێکدا گەندەڵیی ناوخۆ بە بێ کۆنتڕۆڵ بەردەوامە.
میسال ئالوسی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵیت، نوێنەرایەتیی عێراقی سۆمەر، بابل و ئاشوور و هەموو پێکهاتەکان دەکەیت، و سەبارەت به ماف و بژێویی خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی تریش هۆشداری داوە کە ئارامیی گەلی عێراق سنوورێکی هەیە کاتێک کەرامەت و بژێویی لە مەترسییدا دەبێت، بۆیە داوای کردووە عێراق لەم سەردانەدا بە وەبەرهێنان و هاوبەشیی ئابووریی راستەقینەوە بگەڕێتەوە، بە پێچەوانەوە، پەندی کۆنی عەرەبی هێناوەتەوە کە دەڵێت "ئەی ئەبو زەید، وەک ئەوەی هەر نەچووبیت بۆ جەنگ."