کۆنفرانسی کلینۆڤا لە دهۆک دەستیپێکرد؛ پێشکەوتنە پزیشکییەکان دەخرێنەڕوو

د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک
د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک

لە شاری دهۆک، بە بەشداریی پزیشکان و قوتابییانی زانکۆ، کۆنفرانسی زانستیی پزیشکیی کلینۆڤا بۆ خستنەڕووی نوێترین پێشکەوتنەکانی بواری پزیشکی دەستی پێکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06ـی ئابی 2026، کۆنفرانسی زانستیی پزیشکیی (کلینۆڤا - Clinova) لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی دهۆک دەستی بە کارەکانی کرد و بڕیارە دوو رۆژ بەردەوام بێت.

د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک لە لێدوانێکدا بۆ چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کۆنفرانسەکە بە دەستپێشخەری و بیرۆکەی راستەوخۆی قوتابییانی کۆلێژەکانی پزیشکی و دەرمانسازی لە زانکۆکانی دهۆک ئامادە کراوە.

 هەروەها گوتی: "ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆلێژی پزیشکی و سەندیکاکانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی، بە تەواوی پاڵپشتیی ئەم کارە زانستییەمان کردووە."

لەبارەی ئامانجی کۆنفرانسەکە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکی کۆکردنەوەی پزیشکان و مامۆستایانی زانکۆ و قوتابییانە بۆ خستنەڕووی نوێترین توێژینەوە و پێشکەوتنە زانستییەکان و تەکنیکە نوێیەکانی بواری پزیشکی لە جیهاندا. لەم رووەوە ئاشکرای کرد: "دەمانەوێت ئەم پێشکەوتنانە بخەینە خزمەتی کەرتی تەندروستیی پارێزگای دهۆکەوە، بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی بە نەخۆشەکانمان."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. ئەفراسیاب مووسا تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵنگاری و گوشارە گەورانەی رووبەڕووی کەرتی تەندروستیی پارێزگاکە بوونەتەوە و باسی لەوە کرد، کەرتی تەندروستی لە دهۆک کەوتووەتە ژێر بارێکی زۆر قورسەوە، هۆکارەکەشی بۆ هاتنی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە ناوچەکانی شنگال و مووسڵ و ئەنبار و تکریتەوە

بۆ سنووری پارێزگاکە دەگەڕێتەوە. هاوکات شەڕی داعش و ئەو قەیرانانەی لە ساڵانی رابردوودا روویانداوە، کاریگەریی گەورەیان لەسەر دامەزراوە تەندروستییەکان هەبووە.

لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرەکەی تەندروستیی دهۆک ستایشی رۆڵی تیمی فریاکەوتنی خێرای (122) و کارمەندانی تەندروستیی کرد و گوتی: "تیمەکانی فریاکەوتن و ئەمبوڵانسەکانمان شەو و رۆژ لە ئەرکدا بوون بۆ بەهاناوەچوونی نەخۆشان و ئاوارەکان، رۆڵی ئەوان تەنیا لە سەنتەری شار و نەخۆشخانەکاندا کورت نەبووەتەوە، بەڵکوو لە کاتی شەڕی داعشدا لە ریزی پێشەوەی سەنگەرەکان بوون بۆ رزگارکردن و چارەسەرکردنی برینداران، ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ هەموومان."