شاندێک بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ سەردانی بەغدا دەکات

لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق
لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی دامەزراندن و پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2027 سەردانی بەغدا دەکات، ئامانجیش لە سەردانەکە چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ناوخۆ و دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆیە.

بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای بودجەی 2027 سەردانی بەغدا بکات، یەکێک لە پرسە گرنگەکانی شاندی حکوومەتیش بۆ دانوستانەکان پرسی دامەزراندن دەبێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24 و ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، سێ پرسی تایبەت بە دامەزراندن لە کارنامەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبن. یەکەمیان بریتییە لە دابینکردنی بودجە و پلەی وەزیفی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داینامەزراندوون و لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەکانیان بۆ دابین دەکات.

 هەروەها دامەزراندنی 16 هەزار و 280 دەرچووی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، لەگەڵ 729 خاوەن بڕوانامەی باڵا. خاڵی سێیەمیش وەرگرتنی پلەی وەزیفییە بۆ دامەزراندنی فەرمانبەران لە دامەزراوە و وەزارەتەکانی دیکە، بەتایبەتی وەزارەتی تەندروستی.

بەپێی ئامارەکان، 86 هەزار و 791 فەرمانبەر و مامۆستا هەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا داینامەزراندوون و لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەیان بۆ خەرج دەکات، بۆ ئەمەش مانگانە پێویستییان بە نزیکەی 43 ملیار دینارە.

لەم بارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە کوردستان24ی راگەیاند، پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و بەشێوەیەکی فەرمی کاری لەسەر دەکرێت. هەروەها گوتی، "وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرگری لە مافی یاسایی ئەم توێژە دەکات، چونکە دامەزراندنیان مافێکی یاساییە."

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ژمارەی سێ یەکەمەکانی دەرچووی ساڵانی 2017 تا 2025 گەیشتووەتە 16 هەزار و 280 کەس. هەروەها ژمارەی خاوەن بڕوانامەکانی دیپلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا تائێستا دانەمەزراون دەگاتە 729 کەس، ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانن بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2027 پلەی وەزیفی و دارایی پێویست بۆ دامەزراندنیان دابین بکرێت.