لە ترێوە تا کاڵەک بازاڕەکانی کوردستان جمەیان دێت لە بەرهەمی ناوخۆیی
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بازاڕەکانی کوردستان جمەیان دێت لە بەرهەمە کشتوکاڵییە هاوینییە ناوخۆییەکان و ئاماژەی بەوەش دا، لە چوارچێوەی رۆژمێری کشتوکاڵیدا لەگەڵ بەغدا هەماهەنگیی تەواو هەیە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند، بەرهەمی کشتوکاڵیی ناوخۆ لە وەرزی هاویندا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر باش و رۆژانە هەزاران تۆن لە بەرهەمە جۆراوجۆرەکان دەخرێنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە دا، لە 10ـی ئایاری هەموو ساڵێک تاوەکو 10ی تشرینی دووەم بە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومی کشتوکاڵی هاوینە دادەنرێت، روونیشی کردەوە کە لەم وەرزەدا بازاڕەکانی کوردستان جمەیان دێت لە بەرهەمە هاوینییە ناوخۆییەکان، ئەمەش دەرفەتێکی باشی بۆ جووتیارانی ناوخۆ رەخساندووە تاوەکو بتوانن بەرهەمەکانیان ساخ ببنەوە.
قارەمان قادر گوتیشی "ساڵانە لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتن دەربارەی رۆژمێری کشتوکاڵی دەکرێت، ئەمەش لە پێناو ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، هەروەها لە کاتی گرانبوونی هەر بەرهەمێکی کشتوکاڵییەکدا، رێگە بە بەرهەمی دەرەکی دەدرێت بۆ ئەوەی هاوردەی هەرێمی کوردستان بكرێت."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە بە ماڵپەڕی کوردستان24 دراون، بڕی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی بەروبوومە هاوینییەکان لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
تەماتە: ڕۆژانە نزیکەی 1,500 تا 3,000 تۆن بەرهەم دەهێنرێت (بە تایبەت تەماتەی پێنجوێن و ناوچە کوێستانییەکان زیاترین پشکیان هەیە).
شفتی (شوتی): رۆژانە نزیکەی 2,000 تا 3,500 تۆن بەرهەم دەهێنرێت (لە ناوچەکانی گەرمیان، هەولێر و دەشتی شارەزوور بە بڕێکی زۆر بەرهەم دەهێنرێت).
گندۆرە (کاڵەک): رۆژانە نزیکەی 800 تا 1,500 تۆن بەرهەم دەهێنرێت.
خەیار: رۆژانە نزیکەی 600 تا 1,000 تۆن بەرهەم دەهێنرێت (هەم لە خانوو لە پلاستیکییەکان و هەم لە زەوی کراوەدا).
باینجان: ڕۆژانە نزیکەی 400 تا 800 تۆن بەرهەم دەهێنرێت.
بیبەر (تیژ و شیرین): رۆژانە نزیکەی 300 تا 600 تۆن بەرهەم دەهێنرێت.
کودی( کولەکە): رۆژانە نزیکەی 250 تا 500 تۆن بەرهەم دەهێنرێت.
بامیە: رۆژانە نزیکەی 200 تا 400 تۆن بەرهەم دەهێنرێت.
ترۆزی: رۆژانە نزیکەی 150 تا 300 تۆن بەرهەم دەهێنرێت.