هێزە ئەمنییەکانی عێراق خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، رێنمایی کردووە ئاستی ئامادەیی ئەمنی و ئامادەباشیی شەڕیی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵات بەرز بکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی رایگەیاندووە "بە رێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیار درا ئاستی ئامادەیی ئەمنی و ئامادەباشیی شەڕیی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەرز بکرێتەوە، کە خۆی لە ئەنجامدانی مەشقی مەیدانی و راهێنانی سەربازی و جووڵەی هێزەکاندا دەبینێتەوە."

شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە ئامادەییی بەرزی تەواوی پێکهاتەی هێزە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی تواناکانیاندایە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییە گشتییەکان.

هەروەها فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی بە پەلەدا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانیدا رایگەیاندووە، هەرچی زووە سەرجەم ئۆتۆمبێل و کەلوپەلە سەربازییەکان بخەنە ئامادەباشی حاڵەتی شەڕ.