کوردستان24 هۆکاری خستنە ئامادەباشیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئاشکرا دەکات

حکوومەتی عێراق ترسی هەیە گرووپە ملیشیاکان هێرشی سەر سعوودیە و بنکەکانی ئەمریکا بکەن

سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، خستنە حاڵەتی ئامادەباشیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق پەیوەندی بە مەترسیی وەڵامدانەوەی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی سعوودیە و ئەمریکا هەیە.

سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەمنی و شەڕ بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی هەڕەشە و مەترسییەکانی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر سعوودیە و ئەمریکا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، زانیاریی هەواڵگری هەیە کە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە "بەرەی مقاوەمە" لە کاتەکانی داهاتوودا هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی سعوودیە، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی هەفتەی رابردوو کرانە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە. ناوبراو ئاشکراشی کرد کە پێشتر ئەو گرووپانە رایانگەیاندبوو لە دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن، وەڵامی هێرشەکانی سعوودیە دەدەنەوە؛ هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکان لە ناوخۆی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بڕیارەکەی دوێنێ شەوی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە تێیدا جەخت لەسەر کۆنترڕۆڵکردنی چەک لە دەستی گرووپە میلیشیاکانی کراوەتەوە و تەواوکردنی پڕۆسەکە تاوەکو ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوو، گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی تووڕە کردووە و بەشێکیان رایانگەیاندووە کە ئامادە نین چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن.

پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کردبوو کە لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیاردراوە بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی شەڕ و جێبەجێکردنی راهێنانی مەیدانی و جووڵەی سەربازیی هێزەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانیان، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، و پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییە گشتییەکان لە هەر پێشهاتێکی کتوپڕ.

هاوکات دوێنێ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، میر فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیە لەگەڵ د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزاریی تایبەت بە پشتیوانیکردن لە قودس و شوێنە پیرۆزەکان بەڕێوەچوو، لە دیداره‌که‌دا، پێداگیری لەسەر قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرایەوە، هاوکات ئاماژە بە گرنگیی پشتیوانیکردن لە هەموو ئەو هەنگاوانە درا کە بەرژەوەندییەکانی عێراق دەپارێزن و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا بەهێزتر دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە کار بکرێت بۆ زامنی ئەوەی خاک و سەرچاوەکانی عێراق نەبنە ئامرازێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی، بە شێوازێک کە هاوکار بێت لە بەدیهێنانی گەشەپێدان و سەقامگیری بۆ هەموو وڵاتان و گەلانی ناوچەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە 29ـی تەممووزی 2026، سعوودیە و ئەمریکا هێرشی هاوبەشیان کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی  و 20 کوژراو و 32 برینداری لێکەوتەوە، بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ریاز ئاڵۆز بوو، هەروەها بڕیاربوو سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی سەردانی سعوودیە بکات بەڵام بەهۆی ئەوە هێرشە هەڵوەشایەوە.