ئاژانسی فارس: ئێران و عومان لەسەر کردنەوەی رێڕەوێکی نوێ لە هورمز رێککەوتن

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وردەکاریی تەکنیکیی دانوستانەکانی تاران و مەسقەتی لەسەر شێوازی نوێی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز ئاشکرا کرد، کە تێیدا بڕیارە رێڕەوەکانی باکوور و باشووری گەرووەکە دابخرێن و تەواوی کەشتیوانی تەنیا لە رێڕەوی ناوەڕاستدا کورت بکرێتەوە.

پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، ئاژانسی فارس، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، چوارچێوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و مەسقەت بە ئاراستەی جێبەجێکردنی کرداریی ئەو رێکارانەیە کە ئێران بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دیاریی کردوون.

ئەو سەرچاوەیە روونکردنەوەی دا و رایگەیاند: بڕیارە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو چوونەژوورەوەی کەشتییەکان بۆ ناو گەرووی هورمز لە رێگەی رێڕەوی باکوورەوە بێت کە دەکەوێتە نزیک کەناراوەکانی ئێران، و چوونەدەرەوەی کەشتییەکانیش لە رێگەی رێڕەوی باشوورەوە بێت کە دەکەوێتە نزیک کەناراوەکانی عومان.

سەرچاوەکە زانیاریی زیاتری خستە روو و گوتی: "دوای کۆتاییهاتنی ئەو ماوە دیاریکراوە، هاتوچۆی کەشتییەکان لە هەردوو رێڕەوی باکوور و باشوور رادەگیرێت و هاتوچۆی کەشتییەکان تەنیا لە رێڕەوی ناوەڕاستەوە دەبێت، بەو جیاوازییەی کە چوونەژوورەوەی کەشتییەکان بە بەڕێوەبردنی ئێران دەبێت و چوونەدەرەوەشیان لە ژێر چاودێری و بەڕێوەبردنی هاوبەشی ئێران و عوماندا دەبێت."

سەبارەت بەو باج و رسووماتانەی کە لە کەشتییەکان وەردەگیرێن، ئەم سەرچاوە ئاگادارە رایگەیاند: پارەی وەرگیراو لە کەشتییەکان بۆ تێپەڕبوون لە گەرووەکە لە چوارچێوەی تێچووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە جیاوازەکاندا دیاریی دەکرێت.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ئاماژەی بەوە کرد کە خزمەتگوزارییەکانی وەک بیمە، دابینکردنی سووتەمەنی (سووتەمەنیپێدان)، باجی پاراستنی ژینگە و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی لەو شێوەیە، بەشێکن لەو خزمەتگوزارییانەی کە پێویستە کەشتییەکان تێچووەکانیان بدەن.