بۆ مەرگی ناوادەی هونەرمەند موزەفەر شافیعی
لە مەهابادەوە تا لەندەن و تۆکیۆ و هەولێر هەمیشە خولیای هونەر و شانۆ
شانۆکار و دەرهێنەری ناسراوی کورد موزەفەر شافیعی کە تەمەنێک بە چالاکی و کاری هونەری سینەما و شانۆ خزمەتی کرد، دوای چەند مانگێک لە تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە دوا جار لە 4ی ئەم مانگە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆچی دوایی کرد.
موزەفەر شافیعی تەمەنی پێنج ساڵ بوو کە چووە سینەما. ئەوکات مامی بردبووی بۆ بینینی فیلمێک لە زێدی خۆی لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان. هەر کە لە هۆڵی سینەما هاتە دەرەوە، بڕیارێکی دا کە دواتر ژیانی گۆڕی ، ئەویش ئەوەبوو کە دەیەوێت ببێتە ئەکتەر. دوای شەست و پێنج ساڵ، ئەو ئارەزوو و خولیایەی هونەر و سینەمای هەمیشە هەر هەبوو.
موزەفەر لە 26ـی نیسانی 1956 لە هەردوو بنەماڵەی ناسراوی شافیعی و قادریی شاری مەهاباد لە دایکبووە، هەر لە دەستپێکی چوونی بۆ قوتابخانە حەز و خولیای شانۆی هەبوو و هەر زوو خۆی لە بواری چیرۆک گێڕانەوە دۆزیوەتەوە. دوای لەدەستدانی باوکی لە تەمەنی 15 ساڵیدا، لە تاران درێژە بە خوێندن دەدات.
ساڵی 1973 کە تەمەنی تەنیا 17 ساڵ بوو، رووی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کرد، کە گەیشتە ئەوێ، هەرچەندە ئینگلیزییەکی کەمی دەزانی، بەڵام ئیرادەیەکی بەهێزی هەبوو بۆ فێربوون، لە ساڵی 1982 لە کۆلێژی هونەری دارتنگتۆن Dartington College of Arts بڕوانامەی خوێندنی شانۆی بەدەستهێناوە و لە بوارەکانی شانۆ، تەلەڤزیۆن، فیلم و رادیۆ دەستی بە کار کردووە.
دواتر موزەفەر شافیعی بووە یەکێک لە کەسایەتییە کولتوورییە پێشەنگەکانی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا. لە ساڵی 1986 بەشداری لە دامەزراندنی مەڵبەندی رۆشنبیری کورد لە لە لەندەن کردووە و لە ماوەی کۆتایی ساڵانی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا، رۆڵێکی گرنگ و دیاری لە رێکخستنی گرنگترین چالاکییە هونەری و کولتوورییەکانی مەڵبەندەکە هەبووە. ئەو پێی وابوو کە فەرهەنگ بۆ پاراستنی شوناس زۆر پێویستە و لە رێگەی شانۆ و فێستیڤاڵ و تەنزەوە، خزمەتی هونەر و کولتووری کوردی کردووە.
موزەفەر شافیعی لەپاڵ کارە هونەرییەکانی، بۆ ماوەی سێ دەیە لە بەشی فارسی رادیۆ و تەلەڤزیۆنیBBC ی بەریتانی وەک وەرگێڕ و بێژەر و پێشکەشکار کاری کردووە و لەلایەن رۆژنامەنووس و نووسەری ناسراو هەژیری تەیمووریانەوە بە بی بی سی ناسێندرا، شافیعی ئەو ماوەیەی لەوێ کاری دەکرد، رێزی هاوکارەکانی لە سەرانسەری جیهانی فارسی زماندا بەدەستهێنا، بەڵام ئەو هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە رۆژنامەگەریی پیشەی دووەمیەتی و خۆشەویستی یەکەمی هەر نواندن و دەرهێنان بوو.
لە ساڵی 1990 بووە یەکەم ئەکتەری کورد کە لە شانۆی نیشتمانیی شاهانەی بەریتانیا نمایش بکات، کە ئەمەش پێشکەوتنێکی گرنگ بوو بۆ هونەری کوردی و لە کتێبی مێژووی کورد کە لەلایەن زانکۆی کامبریجەوە دەرچووە ئاماژە بە ناوی ئەو کراوە. ئەو زۆر دڵخۆشتریش دەبوو ئەگەر کوردێکی تر ئەو دەستکەوتەی بەدەست هێنابووایە، چونکە پێی وابوو هەموو سەرکەوتنێک دەبێ دەرگا بۆ نەوەی داهاتووی هونەرمەندانی کورد بکاتەوە.
هونەرمەند موزەفەر شافیعی لە بوارەکانی کاری نواندنی شانۆ، رادیۆ، تەلەڤزیۆن و سینەما بەهرەمەند و بە توانا بوو . لە زنجیرەی خانووی سەددام HBO House of Saddam و فیلمی سەربەخۆی Triage شانبەشانی هونەرمەندی ئێرلەندی Colin Farrell و فیلمی Hollywood Son of the Pink Panther و چەندین بەرهەمی بۆ کەناڵەکانی بی بی سی و ئای تی ڤی و کەناڵی 4 بەشداری کردووە و رۆڵی پەنابەرێکی کورد دەگێڕێت کە داوای مافی پەنابەری سیاسی دەکرد و لەلایەن رەخنەگرانەوە زۆر ستایشی رۆڵەکەی کرا بەتایبەتی لە بەرهەمی شانۆیی لەندەن لە شانۆگەری کلێر بەیلی لە شانۆگەری نۆرسن لایتس.
دەنگی موزەفەر شافعی بۆ ملیۆنان لە ئاخێوەرانی فارسی زمان ئاشنا بوو، لە یەک کاتدا وەک دەنگی پێشکەشکاری ناسراوی بەریتانی جێرەمی کلارکسن لە فیلمی تەختە گاز کە وەرگێڕانی فارسی بی بی سی بوو، هەروەها بەرنامەی Top Gear، کە تێیدا زۆر زیرەکانە و بە شێوازێکی کۆمیدیی و سەرکەوتووانە رۆڵەکەی گێڕا.
ساڵی 1997 لەسەر بانگهێشت و داوای بەشی فارسی رادیۆی جیهانی NHK ی ژاپۆنی رووی لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن کرد و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەوێ کاری کرد و هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوکار و هاوڕێ ژاپۆنییەکانی لە سەرانسەری جیهاندا دروست کرد. دواتر شانۆی ئینترێیگ intrigue ی لە تۆکیۆ دامەزراند و ئەکتەر و نمایشکارانی فرەنەتەوەی نیشتەجێی ژاپۆنی لە بەرهەمەکانیدا کۆکردەوە کە بووە جێی ستایشی ڕەخنەگرانی شانۆ و سەرنجی میدیای ژاپۆنیشی بۆ خۆی راکێشا. ئەو ساڵانەی لە ژاپۆن بوو ، بەرهەمی پڕ لە داهێنانی پێشکەش کرد و پەنجەی خستە سەر شانۆی کابوکی و نۆوە، باوەڕی بەوە هەبوو کە هەموو کولتوورێک شتێکی هەیە فێری بکات.
لە کاتی سازدانی فێستیڤاڵە فەرهەنگییە کوردییەکان لە لەندەن، رۆژنامەنووسی کورد بەیان سامی عەبدولڕەحمانی ناسی و هاوسەرگیریان کرد و پەیوەندیی هەردووکیان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و پشتگیرییەکی بێوچان بوو بۆ پیشەی یەکتر. ئەوان چێژیان لە کاتەکانیان لە تۆکیۆ وەک رۆژنامەنووس و لەگەڵ کارە شانۆییەکان وەردەگرت.
دوای کارەساتی هێرشە تیرۆریستییەکەی یەکی شوباتی ساڵی 2004 لە هەولێر کە تێیدا سامی عەبدولڕەحمان جێگری سەرۆکوەزیران باوکی بەیان و سەڵاحی برا گەورەکەی شەهید بوون، بەیان و موزەفەر لە تۆکیۆوە گەڕانەوە بۆ لەندەن بۆ ئەوەی لە نزیک خێزانەکانیان بن.
کاتێک بەیان سامی عەبدولرەحمان وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و دواتر نوێنەری هەرێم لە ئەمەریکا دەستنیشان کرا، موزەفەر هەموو پشتیوانییەکی هاوسەرەکەی کرد، ئەمەش لە روانگەی باوەڕی زگماکی خۆی بوو بە بەهێزکردنی رۆڵی ژنان.
لە ساڵی 2012 ( رامیار)ی کوڕیان لەدایکبوو کە دڵخۆشییەکی بێ ئەندازەی بە تایبەتی بە موزەفەر بەخشی. موزەفەر ئەو ماوەیەی لە ئەمەریکا بوو، هەرچەندە زیاتر خەریکی بایەخدان بە کوڕە گەنجەکەی بوو، بەڵام لە پەیوەندیشدا بوو لەگەڵ ئەکتەرەکانی لۆس ئەنجلۆس و نیویۆرک.
لە ساڵی 2023 موزەفەر و بەیان واشنتۆنیان بەرەو هەولێر بەجێهێشت ، موزەفەر هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو کە شانۆیەکی نیشتمانی شایستە بە دەوڵەمەندی هونەری کوردستان دروست بکات.
هونەرمەند موزەفەر شافیعی لە هەموو ئەو شوێنانەی تێیدا ژیاوە لە مەهاباد، تاران، لەندەن، تۆکیۆ، واشنتۆن یان هەولێر، هەمیشە لە رێگەی هونەرەوە کاری بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەی کردووە. سەرسام بوو بە هەموو جۆرە دەربڕینێکی هونەری و بە جۆش و خرۆشێکی ، دەستخۆشیی لە ئەکتەر و مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژ و سەماکار و نووسەر و نیگارکێشان دەکرد. ئەو لە سروشتی خۆیدا چیرۆک گێڕەوەیەکی بە توانا بوو، پیاوێکی گەرم و گوڕ و بە سۆز و قسەخۆش بوو . زۆر گرنگی بە خێزانە فراوانەکەی و هاوڕێکانی دەدا ئیدی لە هەر کوێیەک بن.
موزەفەر شافیعی لە مانگی دوازدەی 2025 تووشی شێرپەنجەی پەنکریاس بوو، بەڵام زۆر بە گەشبینی و ورەیەکی بەرزەوە رووبەڕووی نەخۆشییەکەی بووەوە. تەنانەت لە سەختترین مانگەکانیشدا پێی باشتر بوو باسی پلانەکانی سبەینێی بکات نەک نەخۆشی ئەمڕۆی. کاتێک شێرپەنجەکەی لە مانگی تەمموزی 2026 دووبارە گەڕایەوە، باری تەندروستیەکەی بە خێرایی تێکچوو. دوا جار لە رۆژی 4ی ئابی 2026 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لە باوەشی خێزانەکەیدا بۆ دواجار چاوەکانی لێکنا و کۆچی دوایی کرد.
بنەماڵەی مۆزەفەر شافیعی، سوپاسێکی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و نووسینگەکەی دەکەن بۆ پشتگیری بێ سنووریان بە درێژایی نەخۆشییەکەی و دواتریش. هەروەها سوپاسی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و هەموو ئەو دۆست و خێزانە زۆرانە دەکەن لە سەرانسەری جیهاندا زۆر میهرەبانانە، لە رێگەی پەیامی هاوسۆزییان لەم کاتە سەختەدا، دڵنەوایی بنەماڵەکەیان داوە.
بنەماڵەی شافیعی هەروەها سوپاسی هاریکاریی کونسوڵخانەی گشتی تورکیا لە هەولێر و نەخۆشخانەی ئەمەریکی لە ئەستەنبوڵ و نەخۆشخانەی لایڤ لە ئەنقەرە دەکەن.