عەبوودی و فارس عیسا پەرەپێدانی هەماهەنگیی ئەمنیی بەغدا و هەولێر تاوتوێ دەکەن
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان دەکاتەوە
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، گرنگیی هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێریان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و رێگری لە قاچاخچێتی تاوتوێ کرد.
پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پێشوازیی لە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کرد.
بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوامی نێوان بەغدا و هەولێر لە پێناو بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە خرایە بەرباس.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی سەر ئاستی ناوچەکەیان خستە روو، جەختیان لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان، رێگریکردن لە هاوردە و ناردنی نایاسایی و قاچاخچێتی، هاوکات بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوانی رێکخراو کردەوە.
بە پێی راگەیەنراوەکە، عەبوودی ئاماژەی بە پێویستیی بەردەوامیی ئەم هەماهەنگییە دا لە چوارچێوەی کارنامەی فەرمیی کابینەی حکوومەتدا، کە تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی نیشتمانی و تەواوکاریی رۆڵی نێوان سەرجەم هاوبەشە سیاسییەکان دەکرێتەوە.