قالیباف: شانۆی دیپلۆماسیەت شکستی هێناوە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و گوتی،" دان بە راستیدا بنێ و شکستەکەتان قبوڵ بکە"، گوتیشی،" جارێکی دیکە شانۆی دیپلۆماسیەت لەگەڵ ئەمریکا شکستی هێنا".
پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، محمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، ئەو شانۆ دیپلۆماسیەتەی ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات بە تەواوەتی شکستی هێناوە، جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەگەر ئەمریکا رێگەی دیپلۆماسیەتی دەوێت، دەبێت پابەندبوونەکانی جێبەجێ بکات".
قالیباف ئاماژەی بەوەکردووە، واشنتن جارێک باسی هێرشی گەورە دەکەن و جارێکی دیکە داوای دانوستان، ئەمەش وەک خولگەیەکی بەردەوامی بێ ئەنجامە.
هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، جەختی لەوەکردووەتەوە، ئەو ستراتیژییەتانەی کە پشتبەستوون بە هەڕەشە و ملپێکەچکردن، شکاندنی بەڵێنەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، پلانێکی شکست خواردووە و کۆتایی بەو جۆرە دیپلۆماسیەتە هاتووە.
لە کۆتایی پۆستەکەیدا قالیباف دەڵێت،"راستییەکان و داننان پێیان لەگەڵ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکان، تاکە داواکاری ئێرانە و جەختی کردەوە کە "چیتر پێویستمان بە شانۆگەریی زیاتر نییە".
ئەم قسانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای ئەوە هات، چوارشەممە 5ـی ئاب، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "دەمەوێت لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن، چونکە نامەوێت خەڵک بکوژرێت، ئێمە پلانمان بۆ گەورەترین هێرش لە دژی ئێران داڕشتبوو کە دەبووە گەورەترین هێرشی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، بەڵام ئەوان پەیوەندییان پێوە کردین و داوایان کرد هێرش نەکەین و دەست بە قسەکردن بکەین."
سەبارەت بە رەتکردنەوەی ئەو داوایە لەلایەن ئێرانییەکانەوە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی "هەرچەندە ئەوان دەڵێن شتی وامان نەوتووە، هەروەها میدیا و هەواڵە ساختەکانیش ئەو راستییە دەشارنەوە، بەڵام باش دەزانن کە ئێرانییەکان خۆیان ئەو داوایەیان کردووە، ئێستاش لە پرۆسەی دانوستانداین و دەبینین چی ڕوو دەدات."
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێستا ئێران رێزیان لێدەگرێت، هاوکات ڕەخنەی توندی لە ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا گرت و رایگەیاند "ماوەی 50 ساڵە هیچ سەرۆکێک ئەوەی پێویست بوو بەرامبەر ئێران ئەنجامی نەداوە."
هاوکات دووپاتی کردەوە، هێڵی سووری ئەوان ئاشکرایە و "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."