هێڵی ئاسمانیی قەتەر گەشتەکانی بۆ هەولێر دەستپێدەکاتەوە
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی قەتەر، شەممەی داهاتوو، گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەحرەین و کوەیت دەستپێدەکاتەوە.
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی قەتەر، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارە لە رێکەوتی 8ـی ئابی 2026ـەوە، کە دەکاتە رۆژی شەممە، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر، بەحرەین و قەتەر بە شێوەیەکی ئاسایی دەستپێبکەنەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر یەکێکە لە وێستگە چالاک و گرنگەکان لە عێراق و ناوچەکەدا، دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی قەتەر لەم رێکەوتەدا، هاوکار دەبێت لە بوژانەوەی زیاتری ئاستی هاتوچۆی ئاسمانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 24ـی تەممووزی 2026، هێڵی ئاسمانیی قەتەر، بەهۆی دۆخی ناوچەکە، راگرتنی گەشتەکانی تاوەکوو 31ـی هەمان مانگ، بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر، بەحرەین و کوەیت راگەیاندبوو.