دەوڵەتی یاسا: چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ و یاساوە دەبێت

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، هەڵوێستی خۆی لەسەر  پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک و سنووردارکردنی لە دەستی دەوڵەتدا رادەگەیەنێت و جەخت لە گرنگیی پاراستنی تەبایی و  بەدوورگرتنی عێراق لە هەر گرژییەکی نێوخۆیی دەکاتەوە.

پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: هەڵوێستی دەوڵەتی یاسا روون و نەگۆڕە، کە ئەویش بریتییە لە پشتگیریکردنی سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بە پێی دەستوور و یاسا.

روکابی ئاماژەی بەوەش کردووە، جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەبێت بە شێوازێک بێت کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزێت و عێراق لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی ناوخۆیی و رشتنی خوێنی هاووڵاتییان بەدوور بگرێت.

بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختی لەوە کردووەتەوە، چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بە گرژی و ئاڵۆزی بە دی نایەت، بەڵکو تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ، رێکارە یاساییەکان و رێککەوتنی نیشتمانییەوە دەبێت، بە جۆرێک کە پارێزگاری لە قوربانییەکانی گەلی عێراق بکات.