هاوپەیمانی عەرەبی: بەهۆی بۆردومانی حوسییەکان لە سعوودیە 11 کەس برینداربوون

راگەیەندراوێکی فەرمی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعوودیە بەرەبەیانی رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، تێیدا ئاماژە بە برینداربوونی 11 هاووڵاتی مەدەنی لە ناوچەی نەجران لە باشووری رۆژئاوای شانشینی سعوودیە دەدات بەهۆی بۆردومانی گرووپی حوسییەکانی یەمەن.

هەینی 7ـی ئابی 2026، لیوا روکن تورکی ئەلمالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانی پاڵپشتی شەرعییەت لە یەمەن، ئاشکرای کردووە، بریندارەکان بریتین لە 7 هاووڵاتی سعوودی کە لە نێوانیاندا ژنێک و منداڵێکی 4 ساڵان هەیە و بە پلەی دوو سووتاوە، هەروەها هاووڵاتییەکی یەمەنی و دوو میسری و پاکستانییەکیش لە نێو بریندارەکاندان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رەفتاری حوسییەکان لە ئەنجامدانی ئەم هێرشانەدا لە رێگەی بەکارهێنانی مووشەکی هەڕەمەکی بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان بووە، هاوکات مالیکی وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و بەئامانجگرتنی ئەنقەستی مەدەنییەکان وەسفی کردووە.

ئەم هێرشەی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر سعوودیە، لەگەڵ لێدوانی یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان، یەکدەگرنەوە کە پێشتر جەختی کردبووەوە ئەوان بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی هاوکێشەی گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆ تا ئەو کاتەی گەمارۆی سەر یەمەن بە تەواوەتی هەڵدەگیرێت.