هادی عامری داوا لە “مقاوەمەی ئیسلامی” دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و وەڵامدانەوەی هێرشەکان دوا بخەن

هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە داوا لە گروپەکانی ناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای وڵاتدا، هەر پەرچەکردارێک بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە دوا بخەن.

لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا، هادی عامری رووی بانگەوازەکەی ئاراستەی چەکدارانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی دەکات و دەڵێت "داواتان لێدەکەم دانبەخۆدابگرن و ئارام بن لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای عێراقدا، هەروەها هەر پەرچەکردارێک بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە ئەمریکی-سعوودییەی کە عێراقی کردە ئامانج، دوا بخەن."

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر جەخت لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات "بەڵێن بە هەموو موجاهیدەکان دەدەین کە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بەدواداچوون بۆ مافی کوژراو و برینداران دەکەین و پشتیوان بەخودا هەموو ئەمانە بەدی دەهێنین."

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، عامری سوپاسی چەکدارانی ناو مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقی کردووە و بە "برایانی پاڵەوان" ناوی بردوون.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دوێنێ پێنجشەممە، بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەمنی و شەڕ بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی هەڕەشە و مەترسییەکانی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر سعوودیە و ئەمریکا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، زانیاریی هەواڵگری هەیە کە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە "بەرەی مقاوەمە" لە کاتەکانی داهاتوودا هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی سعوودیە، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی هەفتەی رابردوو کرانە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە. ناوبراو ئاشکراشی کرد کە پێشتر ئەو گرووپانە رایانگەیاندبوو لە دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن، وەڵامی هێرشەکانی سعوودیە دەدەنەوە؛ هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکان لە ناوخۆی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بڕیارەکەی دوێنێ شەوی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە تێیدا جەخت لەسەر کۆنترڕۆڵکردنی چەک لە دەستی گرووپە میلیشیاکانی کراوەتەوە و تەواوکردنی پڕۆسەکە تاوەکو ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوو، گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی تووڕە کردووە و بەشێکیان رایانگەیاندووە کە ئامادە نین چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن.

پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کردبوو کە لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیاردراوە بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی شەڕ و جێبەجێکردنی راهێنانی مەیدانی و جووڵەی سەربازیی هێزەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانیان، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، و پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییە گشتییەکان لە هەر پێشهاتێکی کتوپڕ.