هادی عامری داوا لە “مقاوەمەی ئیسلامی” دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و وەڵامدانەوەی هێرشەکان دوا بخەن

هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە داوا لە گروپەکانی ناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای وڵاتدا، هەر پەرچەکردارێک بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە دوا بخەن.

لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا، هادی عامری رووی بانگەوازەکەی ئاراستەی چەکدارانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی دەکات و دەڵێت "داواتان لێدەکەم دانبەخۆدابگرن و ئارام بن لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای عێراقدا، هەروەها هەر پەرچەکردارێک بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە ئەمریکی-سعوودییەی کە عێراقی کردە ئامانج، دوا بخەن."

ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر جەخت لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات "بەڵێن بە هەموو موجاهیدەکان دەدەین کە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بەدواداچوون بۆ مافی کوژراو و برینداران دەکەین و پشتیوان بەخودا هەموو ئەمانە بەدی دەهێنین."

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، عامری سوپاسی چەکدارانی ناو مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقی کردووە و بە "برایانی پاڵەوان" ناوی بردوون.