گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق: ناچینە نێو شەڕەکانی ناوچەکە

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئێستا عێراق هیچ جۆرە هاوبەشییەکی لەگەڵ راوێژکارانی ئێرانیدا نییە و جەختی لەوەش کردەوە کە بەغدا پابەندی سیاسەتی بێلایەنییە و ناچێتە نێو ململانێ و شەڕەکانی ناوچەکەوە.

سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، جووڵەکردنی هێزەکانی سووریا لەسەر سنوورە هاوبەشەکان بە داوای فەرمیی عێراق بووە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە چەند خاڵێکی سنووریدا، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایش و پاراستنی سنوورەکان.

نوعمان ئاماژەی بەوەش کرد، دیدگای سەرۆکوەزیران لەسەر ئەو بنەمایەیە کە بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز پێویستی بە ژینگەیەکی ئەمنیی سەقامگیر هەیە. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی بڕیارێکی سەروەرییە و تەنها لە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە، و رێگە بە هیچ لایەنێک نادرێت بڕیارەکانی خۆی بەسەر حکومەتی عێراقدا بسەپێنێت.

گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاشکرایشی کرد، عێراق نابێتە سەرچاوەی هیچ هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بە هەمان شێوەش رێگە نادات هیچ هێرشێک خاکەکەی بکاتە ئامانج. ئەو هۆشداریی دا کە حکومەت رێکاری یاسایی توند بەرامبەر بە هەر کەسێک دەگرێتەبەر کە بسەلمێنرێت دەستی هەبووە لە پلاندانان یان ئەنجامدانی هەر کارێک کە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکات لە رێگەی خاکی عێراقەوە.

هەروەها سەباح نوعمان جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکوەزیران بە توندی بەسیاسیکردنی دۆسیەی ئەمنی یان دەستوەردانی سیاسی لە کارەکانی دامەزراوە ئەمنییەکاندا رەت دەکاتەوە. ناوبراو دڵنیایی دا کە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی لەگەڵ سووریا و ئوردن، بە تەواوی پارێزراون و عێراق بەردەوام دەبێت لە پەیڕەکردنی سیاسەتی بێلایەنی بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی خۆی.

ئەم قسانەی سەباح نوعمان لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەمنی و شەڕ بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی هەڕەشە و مەترسییەکانی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر سعوودیە و ئەمریکا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، زانیاریی هەواڵگری هەیە کە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە "بەرەی مقاوەمە" لە کاتەکانی داهاتوودا هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی سعوودیە، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی هەفتەی رابردوو کرانە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە. ناوبراو ئاشکراشی کرد کە پێشتر ئەو گرووپانە رایانگەیاندبوو لە دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن، وەڵامی هێرشەکانی سعوودیە دەدەنەوە؛ هەر بۆیە هێزە ئەمنییەکان لە ناوخۆی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بڕیارەکەی دوێنێ شەوی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە تێیدا جەخت لەسەر کۆنترڕۆڵکردنی چەک لە دەستی گرووپە میلیشیاکانی کراوەتەوە و تەواوکردنی پڕۆسەکە تاوەکو 30ی ئەیلوولی داهاتوو، گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی تووڕە کردووە و بەشێکیان رایانگەیاندووە کە ئامادە نین چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن.

پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کردبوو کە لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیاردراوە بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی شەڕ و جێبەجێکردنی راهێنانی مەیدانی و جووڵەی سەربازیی هێزەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانیان، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، و پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییە گشتییەکان لە هەر پێشهاتێکی کتوپڕ.