وۆڵ ستریت جۆرناڵ: پوتین پلانی هێرشکردنە سەر هاوپەیمانیی ناتۆی هەیە

بەگوێرەی راپۆرتە نوێیەکانی هەواڵگریی ئەمریکا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە چەند ساڵی داهاتوودا هەوڵ دەدات ئیرادە و یەکگرتوویی هاوپەیمانی ناتۆ تاقی بکاتەوە، ئەوەش لە رێگەی هێرشێکی سنووردار کە رەنگە هێرشی ئەلیکترۆنی یان چوونە نێو خاک بێت.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، هەڵسەنگاندنە نوێیەکانی هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە پوتین پێشتر وا دەردەکەوت نەیەوێت لە کاتی جەنگی ئۆکرانیادا ناتۆ توورە بکات، بەڵام ئێستا ئەو تێڕوانینە گۆڕاوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پوتین لەناو ئۆکرانیا لەژێر فشارێکی زۆردایە و درۆنەکانی کیێڤ زیانی گەورەیان بە سوپا و پیشەسازیی نەوتی رووسیا گەیاندووە، بۆیە دەیەوێت بە هێرشێکی لەو شێوەیە هاوپەیمانێتییەکە پارچە بکات.

بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، نیشانەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە دەستیان پێکردووە؛ لەوانە کەوتنی موشەکی کروزی رووسی لە پۆڵەندا و فڕینی درۆن بەسەر ئاسمانی رۆمانیا. پێشبینی دەکرێت هەر هەنگاوێکی رووسیا لە نێوان ساڵانی ئێستا تاوەکو 2029 ئەنجام بدرێت.

ئەم هۆشدارییەی هەواڵگری لە کاتێکدایە کە  باس لە کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا دەکرێت. بەهۆی ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا و ململانێکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران، ئاستی موشەکەکانی وەک (پاتریۆت، ستینگەر و ئەتاکمس) بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە. بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، واشنتن لە جەنگی ئێراندا نزیکەی 1060 بۆ 1430 موشەکی پاتریۆتی بەکارهێناوە و تەنیا نزیکەی 870 دانەی لە کۆگاکاندا ماوەتەوە.

لە بەرامبەردا، شۆن بارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە کەمیی تەقەمەنی دەکەن و رایگەیاند: "ئێمە هەموو ئەو چەکانەمان لەبەردەستە کە پێویستن بۆ هێرشکردن لە هەر کات و شوێنێک کە سەرۆک ترەمپ بڕیاری لێ بدات." هەروەها ئانا کێڵی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سوپای ئەمریکا چەکی "زیاتر لە پێویست"ی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە ستراتیژییەکانی ترەمپ.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی گرووپی باکور، ناوچەی ئانیسکینە-یان لە سنوری پارێزگای خارکێڤ بە تەواوەتی کۆنترۆڵکردووە