دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق چەند تۆڕێکی قاچاخچێتیی نەوتی هەڵوەشاندەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەڵوەشاندنەوەی چەند تۆڕێکی مەترسیداری قاچاخچێتیی نەوتی خاوی لە سێ پارێزگا راگەیاند، هاوكات دەست بەسەر 80 هەزار لیتر نەوتی قاچاخدا گیرا و پێنج تۆمەتباریش دەستگیرکران.

ئەمڕۆ هەینی، 7ـی ئابی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ئۆپەرسیۆنێکی هەواڵگریی تایبەتدا و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر، لە پارێزگاکانی بەسڕە و زیقار توانرا دەست بەسەر دوو تانکەری بارکراو بە نزیکەی80 هەزار لیتر نەوتی خاوی قاچاخدا بگیرێت و ئەندامێکی تۆڕەکەش دەستگیر بكرێت.

لە بەردەوامیی بەدواداچوونە هەواڵگرییەکاندا، هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی توانییان سێ شوێنی دیکەی تایبەت بە قاچاخچێتیی نەوت لە نزیک بنکەی (ئیمام عەلی) لەسەر رێگەی خێرای زیقار ئاشکرا بکەن، هەروەها تیمی تەکتیکیی دەزگا بڕیارەکەی جێبەجێکرد و دوو تۆمەتباری لە کاتی هەڵهاتنیان لە بازگەی (سدرە) دەستگیر کرد.

لە ئۆپەرسیۆنێکی دیکەدا لە ناحیەی (سێنییە)ی سەر بە قەزای بێجی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی شوێنێکی نایاسایی قاچاخچێتیی نەوتی ئاشکرا کرد. قاچاخچییەکان شووشتنگەیەکی ئۆتۆمبێلیان وەک پۆشەش بۆ کارە تاوانکارییەکانیان بەکارهێنابوو و بۆڕییەکی ژێر زەوییان تاوەکو پاڵاوگەی (سێنییە) ڕاکێشابوو بۆ دزین و قاچاخچێتیکردن بە نەوتی خاو.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی پشکنینی شوێنەکەدا شوێنەواری ڕژانی نەوت و بەڵگەی شایستەی بەکارهێنانی بۆڕییەکە دۆزراونەتەوە و دوو تۆمەتباری سەرەکیی کەیسەکەش دەستگیرکراون.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرای کردووە کە سەرجەم 5 تۆمەتبارەکە لەگەڵ دەستبەسەرداگیراوەکاندا رادەستی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری توندی یاسایی بەرامبەریان.