سعوودیە: رێککەوتننامە سێ قۆڵییەکەمان نابێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە

بەرپرسێکی سعوودی رایگەیاند، رێککەوتنی بەرگری هاوبەش لە نێوان سعوودیە، تورکیا و پاکستان هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دروست ناکات و تەنیا بۆ پاڵپشتی زیاتری لایەنی بەرگرییە لە ناوچەکە.

هەینی 7ـی ئابی 2026، رائید قرمەلی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێککەوتنە بۆ دروستکردنی جەمسەرێکی سەربازی یان تاییفی نییە، بەڵکو مەبەست لێی بونیادنانی توانای بەرگری سەربەخۆ و بەردەوامە، جەختیشی کردەوە ئەم هەنگاوە نابێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێککەوتنە کە بە "رێککەوتنی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش" ناسراوە، لە لایەن سەرکردەکانی هەر سێ وڵاتەوە واژۆ کراوە، ئامانجی سەرەکی رێککەوتنەکە پەرەپێدانی توانای بەرگری هاوبەش و رێگری ستراتیژییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر خاک و ئاسایشی ئەم وڵاتانە.

بەرپرسە سعوودییەکە روونیکردەوە، ئەم رێککەوتنە هیچ پەیوەندییەکی بە ستراتیژییەکانی دیکەی سعوودیە نییە و نابێتە جێگرەوەی هیچ رێککەوتنێکی دیکەی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ هەینی 7ـی ئاب، میدیاکانی سعودیە و پاکستان بڵاویانکردەوە، رێککەوتنەکە لەلایەن محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئیمزا کراوە، رێککەوتنەکە ناو نراوە "رێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش".

ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە جەنگ لە نێوان ئێران لە لایەک، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە بەردەوامە و کاریگەریی قووڵی بەسەر هاوپەیمانییە ناوچەیییەکانەوە جێهێشتووە. هاوکاتە لەگەڵ نوێبوونەوەی گرژییەکان لە نێوان ریاز و حوسییەکانی یەمەن، دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر باشووری شانشینی سعودیە، 11 کەس بریندار بوون.

شارەزایانی بوارەکانی بەرگری رایدەگەیەنن، بەهێزبوونی ئەم هاوپەیمانییە لە نێوان سعودیە (کە خاوەنی کێشێکی ئابووری و نەوتیی گەورەیە)، تورکیا (کە ئەندامێکی بەهێزی ناتۆیە) و پاکستان (کە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمییە)، ئاماژەیەکی روونە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکان لە سایەی تێکچوونی دۆخی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دەستەی هاوپەیمانیی سەرەکی (سعودیە، تورکیا، میسر و پاکستان) لەگەڵ قەتەر لە دوای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە لە 28ـی شوبات، رۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە نێوەندگیری و ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان واشنتن و تاران بە مەبەستی راگرتنی جەنگ و کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان.