بەرپرسێکی باڵای سعوودیە: سەرجەم رێکارەکان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک دەگرینەبە

بەرپرسێکی باڵای سعوودیە ئاشکرای کرد، بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە هاوبەشەکانی ناوچەکە و ئەمریکا، پێشبینی هێرشی میلیشیاکانی عێراق  و حووسییەکان بۆ سەر ریاز دەکرێت.

هەینی، 7ـی ئابی 2026، بەرپرسێکی باڵای سعوودیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، وڵاتەکەی پێشبینی هێرشی دوولایەنەی میلیشیاکانی عێراق لە باکوور و حووسییەکانی یەمەن لە باشوور بۆ سەر ریاز دەکات و، ئەو هێرشەش لە ژێر چاودێری سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجام دەدرێت.

ئەو بەرپرسە روونی کردەوە، راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، سعوودیە و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە، ئاماژە بە ئەگەری بە ئامانجگرتنی پێگە مەدەنی و ئابوورییەکانی ریاز دەکەن، لەوانەش دامەزراوەکانی وزە، بەندەر و فرۆکەخانەکان.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، سعوودیە گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بە دی کردووە، ئەمەش نیشانەی ئامادەکارییە بۆ هێرشی هاوکات لە هەردوو ئاراستەکەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە سعوودیە ئامادەیە سەرجەم رێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک.

پێشتر سعوودیە بەرەوڕووی هێرشی حوسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی عێراق بووەتەوە، هەروەها لە کۆتایی مانگی تەممووزدا بە هاوکاریی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی درۆنی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی، هێرشی کردە سەر چەندین بارەگای حەشدی شەعبی لە عێراق. لە لای خۆیانەوە، میلیشیاکانی عێراق رایانگەیاند: کە وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە.

هەروەها ململانێی نێوان ریاز و حووسییەکان زیاتر گرژی بەخۆیەوە بینیوە، بەو پێیەی جموجۆڵەکانی حووسییەکان، وەک گەمارۆدانی دەریای سوور کە رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی سعوودیە دەکات، مەترسییەکانی فراوانبوونی رووبەڕووبوونەوە هەرێمییەکانی زیاتر کردووە.