مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق: لەسەر داوای هادی عامری هێرشەکەمان دواخست
"خوێنی شەهیدانمان نابێتە کاڵایەک بۆ ململانێ و سازشی سیاسی"
مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئاشکرای کرد، لەسەر داوای هادی عامری و لە ژێر کاریگەریی هەڵوێستی هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکان، بڕیاری داوە ئەو وەڵامدانەوە سەربازییەی کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، بۆ کاتێکی دیکە دوا بخات.
هەینی، 7ـی ئابی 2026، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا، بڕیاری دواخستنی ئەو هێرش و وەڵامدانەوە سەربازییەی راگەیاند کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە وەڵامی داواکارییەکەی هادی عامری و بە دەمەوەچوونی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکان، هێرشەکەی ئەمڕۆمان دواخستووە.
مقاوەمەی ئیسلامی، جەختی کردەوە، خوێنی پاکی شەهیدان هەرگیز نەبووە و نابێتە کاڵایەک بۆ ململانێ و سازشی سیاسی.
مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، پەیامێکی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کردووە و رایگەیاندووە: "با هەردوولا باش ئەوە بزانن کە خوێنی شەهیدان و بریندارەکانمان مایەی خۆڕاگریمانە و، سەروەری وڵات بە ڕاگەیەنراوی شەرمنانە بەدەست نایەتەوە، بەڵکو بە بازووی دڵسۆزانی نیشتمان دەپارێزرێت کە سازش لەسەر پیرۆزیی خاک و کەرامەتی شەهیدان ناکەن."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، ئەمریکا و سعوودیە، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هەماهەنگکراویان بۆ سەر چەندین پێگەی لۆجیستی و کۆگای چەکی گرووپە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی ئەنجامدا. هێرشەکان پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە و کەرکووکیان گرتەوە.
هەمان رۆژ، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، راگەیاندبوو، دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن، وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە دەدەینەوە.