عێراقچی: یەکگرتوویی موسڵمانان کلیلی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە دەرەکییەکانە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: هێزە چەکدارە بە تواناکانی ئێران ئامادەیی، لێهاتوویی و دەسەڵاتی خۆیان لە بەرامبەر زلهێزترین سوپای جیهاندا نیشان داوە.

هەینی، 7ـی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: هێزە چەکدارە بە تواناکانی ئێران ئامادەیی، لێهاتوویی و توانای سەربازیی خۆیان لە بەرامبەر زلهێزترین و پێشکەوتووترین سوپای جیهاندا سەلماندووە.

عێراقچی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر پێویستیی یەکگرتوویی و هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا و دەڵێت: "کاتێک موسڵمانان یەکدەنگ و پێکەوە بوەستن، دەتوانین بە رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆ بەرەنگاری هەر ئاڵنگارییەک ببینەوە کە لەلایەن لایەنە دەرەکییە بەدکارەکانەوە دروست دەکرێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامەکەیدا داوای چڕکردنەوەی هەوڵە ناوخۆییەکانی کرد بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش، و ئاماژەی بەوە کرد: "کاتی ئەوە هاتووە تەنیا پشت بە خۆمان ببەستین و باوەش بە برایەتییەکی راستەقینەدا بکەین."