ئێران هێشتا رەزامەندی لەسەر رێککەتنەکەی هورمز نەداوە
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رەزامەندی لەسەر پڕۆژە رێککەوتنێکی پێشنیارکراو لە نێوان ئێران، عومان و ئەمریکا نیشان بدات، رێککەوتنەکە تایبەتە بە راگەیاندنی ئاگربەست و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.
هەینی 7ـی ئابی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری دیپلۆماتکارێکی یەکێک لە وڵاتە نێوەندگیرەکانەوە بڵاویکردەوە، تیمی دانوستانکاری ئێران چاوەڕێی رەزامەندی کۆتایی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەکات بۆ واژۆکردنی رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکا و عومان لە بارەی گەرووی هورمز.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بە بەهێزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە پرسە ستراتیژییەکانی ئێران دادەنرێت، لە ئاداری 2026ـەوە، محەممەد باقر زولقەدر سکرتارییەتی ئەم ئەنجوومەنەی گرتووەتە دەست، ئەمەش دوای کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنەکە لە هێرشێکدا.
ئەم ئەنجوومەنە کە لە 12 ئەندامی باڵای سیاسی، سەربازی و ئەمنی پێکدێت، بەرپرسە لە دیاریکردنی سیاسەتەکانی بەرگری و ئاسایشی نەتەوەیی و هەماهەنگی لە دۆسێ ئەتۆمی و هەواڵگرییەکاندا، هاوکات بڕیارەکانی ئەنجوومەنەکە دوای دەرچوونیان، رەوانەی رێبەری باڵای ئێران دەکرێن بۆ پەسەندکردن و واژۆی کۆتایی.