ئەمریکا تۆڕێکی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیای ساختە سزا دەدات
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون و هەڵوەشاندنەوەی هەر تۆڕێکی دارایی نایاسایی تاران بە هەر دراوێک بێت.
هەینی، 7ـی ئابی 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: رێکاری توند دژ بەو بۆرسە و دەروازانەی ئاڵوگۆڕی سەرمایە دیجیتاڵییەکان دەگرینەبەر کە ئێران پشتیان پێ دەبەستێت بۆ سپیکردنەوەی ملیاران دۆلار.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، تۆڕێک لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆمپانیا وەهمییەکانی پەیوەست بە ئێرانمان کردووەتە ئامانج.
وەزارەتەکە دەڵێت: ئەم تۆڕە هاوکاریی تارانی کردووە لە گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار لە رێگەی سیستمی دارایی نێودەوڵەتییەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئێران کۆمپانیا وەهمییەکانی بۆ سپیکردنەوەی داهاتەکانی نەوت و دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا بەکار هێناوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەم رێکارە نوێیانە لە چوارچێوەی سیاسەتی زۆرترین فشار دێن کە لە لایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە پەیڕەو دەکرێت.
هەروەها واشنتن هۆشداری توندی داوە کە هەر لایەنێک هاوکاریی تاران بکات بۆ دەربازبوون لە سزاکان، رووبەڕووی لێکەوتە و سزای زۆر توند دەبێتەوە.
لە راگەیەنراوەکە، ئاماژە بەوە کراوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی بۆ داخستنی کەناڵەکانی دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییە تێکدەر و ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران لە ناوچەکەدا
لای خۆیەوە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە زیادکردنی فشارە ئابوورییەکانمان؛ چ بە دۆلار بێت، یان بە دراوی دیجیتاڵی، وەزارەتی گەنجینە بەدواداچوون دەکات بۆ ئەو تۆڕە داراییە نایاساییانەی کە ئێران بە زیندوویی دەهێڵنەوە و تێکیان دەشکێنێت."