بەرپرسێکی ئەمریکی: رێککەوتن لە بارەی هورمز بکرێت گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵدەگرین

بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ئەمریکا ئامادەیە گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت، هەرکاتێک تاران و مەسقەت لە بارەی گەرووی هورمز رێکبکەون.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکانی نێوان عومان و ئێراندا، سەبارەت بە رێکخستنی کاروباری پەیوەست بە گەرووی هورمز هەیە.

هاوکات ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، گەشبینیی خۆی نیشان داوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی لە بارەی گەرووی هورمزەوە واژۆ بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا ئەو گەمارۆیەی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی هەڵیدەگرێت هەرکاتێک رێککەوتنێک ڕابگەیەنرێت کە دەستپێکردنەوەی بێبەربەستی جووڵەی بازرگانیی دەریایی و کەشتیوانی مسۆگەر بکات. 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە رێکارەکانی داهاتووی ئەمریکا بەستراوەتەوە بە ئاستی پابەندبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکەدا.

پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، ئاژانسی فارس، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بڵاوی کردبووەوە، چوارچێوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و مەسقەت بە ئاراستەی جێبەجێکردنی کرداریی ئەو رێکارانەیە کە ئێران بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دیاریی کردوون.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردبوو، بڕیارە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو چوونەژوورەوەی کەشتییەکان بۆ ناو گەرووی هورمز لە رێگەی رێڕەوی باکوورەوە بێت کە دەکەوێتە نزیک کەناراوەکانی ئێران، و چوونەدەرەوەی کەشتییەکانیش لە رێگەی رێڕەوی باشوورەوە بێت کە دەکەوێتە نزیک کەناراوەکانی عومان.