بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا: واشنتن مووشەکە پاتریۆتەکانی لە ئەوروپا وەردەگرێتەوە

ئەفسەرێکی باڵای خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا ئاشکرای کرد، واشنتن دەستی کردووە بە کشاندنەوەی ئەو مووشەکی پاتریۆتانەی کە لە لایەن هاوبەشە ئەوروپییەکانیەوە کڕدراون، ئەمەش بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتهێنانە گەورەیەی لە کۆگا سەربازییەکانی دروست بووە.

رۆبێرت هامیلتۆن، ئەفسەرێکی باڵای خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی (PBS)، روونی کردەوە، واشنتن دەستی کردووە بە کشاندنەوەی ئەو مووشەکی پاتریۆتانەی کە هاوبەشە ئەوروپییەکانی کڕیبوویان، بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی کۆگا سەربازییەکانی کە بە هۆی ململانێکانەوە بەکار هێنراون.

هامیلتۆن رایگەیاند: واشنتن "هیچ مووشەکێکی لەو جۆرەی نییە کە پێشکەشی بکات، چونکە ئەم مووشەکانە بوونەتە پێداویستییەکی سەرەکی بۆ خودی ئەمریکا". 

ئاماژەشی بەوە کرد، ئەمریکا ئەم مووشەکانە دەپارێزێت بۆ ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەگەری، لەوانەش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەی ئوقیانووسی هیندستان و هێمن و ئەوروپا.

هاوکات گوتیشی: واشنتن ناچار بووە ئاراستەی ئەو مووشەکی پاتریۆتانە بگۆڕێت کە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان پارەکەیان دابوو، بۆ ئەوەی کۆگا سەربازییەکانی خۆی پێ بەهێز بکاتەوە.

ئەم ئەفسەرە خانەنشینکراوە ئاشکرای کرد، جباخانەکانی واشنتن بەهۆی ڕووبەرووبوونەوە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

دەشڵێت: ژمارەی مووشەکەکانی پاتریۆت لە دوو هەزار و 330 مووشەکەوە بۆ نزیکەی 800 مووشەک دابەزیوە، ئەمەش بەو واتایەیە کە نزیکەی دوو لەسەر سێی کۆگاکە بەکار هێنراوە.

هامیلتۆن ئاماژەی بەوەش کرد، کە پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئەمریکا ساڵانە نزیکەی 600 مووشەکی پاتریۆت بەرهەم دەهێنن و، هەرچەندە واشنتن پلانی هەیە بەرهەمهێنانەکە بۆ دوو هەزار مووشەک بەرز بکاتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم ئامانجە بە تەواوی پێش ساڵی 2032 بە دی نایەت.

هۆشداریشی دا، کە کەمبوونەوەی کۆگاکانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لەوانەش کەمبوونەوەی مووشەکەکانی ATACMS، دەکرێت ئەمریکا بخاتە ناو مەترسییەکی گەورەوە ئەگەر لە یەک کاتدا چەندین ململانێی چەکداری لە جیهاندا سەرهەڵبدەن.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 6ـی ئابدا ڕایگەیاندبوو کە لەوانەیە وڵاتەکەی پێویستی بە بەهێزکردنی دووبارەی جبەخانە سەربازییەکەی هەبێت بەهۆی "هەندێک پرسی ترەوە".

پێشتریش رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاوی کردبووەوە، کە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پلانی هەیە زیاتر پشت بە کۆمپانیا نوێیەکانی تەکنەلۆژیا ببەستێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی چەکە بەکارهاتووەکان کە بەهۆی ململانێکان لەگەڵ ئێراندا بەکار هێنراون.