بڕیارێکی توندی پێنتاگۆن دژ بە وەزیری پێشووی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بڕیاری دا، بە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی دەستڕاگەیشتنی فرانك كیندال، وەزیری پێشووی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە زانیارییە هەواڵگرییە نهێنییەکان، ئەمەش بەهۆی دزەپێکردنی زانیاریی سەربازی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئابی 2026، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، وەزارەتەکە لە ئەمڕۆوە مۆڵەتی فرانك كیندال، وەزیری پێشووی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆ بینینی زانیارییە نهێنییەکان هەڵوەشاندەوە.
شۆن پارنێڵ ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی جەنگ، رێگە بە کیندال نادات لەمەودوا هیچ پۆستێکی هەستیار و گرنگ لە ناو سوپادا وەربگرێت.
گوتەبێژی پێنتاگۆن جەختی کردەوە، ئەم رێکارە توندە لە پاش ئەوە دێت کە کیندال بە بێ مۆڵەتی فەرمی، چەند زانیارییەکی پەیوەست بە تواناکانی فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکای بۆ یەکێک لە دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرا کردووە.
پارنێڵ پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە پاراستنی زانیارییە نهێنییەکان ئەرکێکە هیچ سازشێکی لەسەر ناکرێت و، هەر کەسێک خیانەت لەم ئەمانەتە بکات، مافی دەستڕاگەیشتنی بە زانیارییە نهێنییەکان و هەر پۆستێکی دیکە کە پێویستی بەو مۆڵەتە هەبێت لەدەست دەدات.