ئەبو ئالا وەلائی: بڕیاری تۆڵەسەندنەوە عەقیدەییە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە
ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاندووە، تۆڵەسەندنەوەی خوێنی چەکدارە کوژراوەکانی حەشدی شەعبی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە، تەنیا دواخراوە، ئەگەرنا بڕیارەکە عەقیدەییە و هەر جێی خۆیەتی و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.
ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئابی 2026، هاشم فینیان رەحیم سەراجی ناسراو بە ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لەسەر داوای سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە تایبەتیش هادی عامری و سیاسییە سەربەخۆیە بە شەرەفەکان، بڕیاریانداوە تۆڵەسەندنەوە دوا بخەن و چاوێک بە کاتی تۆڵەسەندنەوەکەدا بخشێننەوە، بەڵام بڕیاری چۆنیەتی و قەبارەی تۆڵەسەندەوەکە هەر لەجێی خۆیەتی.
هەر لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "تۆڵەسەندنەوە ئەرکێکی عەقیدەیی و نیشتمانییە کە موجاهیدەکان و کەسوکاری شەهیدان و برینداران و خەڵکی بە پەرۆشی عێراق تامەزرۆینە، بۆیە ئەوانەی پەیوەندیان بە هێرشەکانەوە هەیە، پێویستە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی عێراق، کە هاوتا بێت لەگەڵ قەبارەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە دڕندانەدا بە نیشتمان و گەلەکەمان کەوتووە".
هەروەها مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردووەتەوە، لەسەر داوای هادی عامری و لە ژێر کاریگەریی هەڵوێستی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان، بڕیاریداوە وەڵامدانەوە سەربازییەکانی دواخستووە، کە بڕیار دوێنێ هەینی 7ـی ئابی 2026، بیکەن.
مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، پەیامێکی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کردووە و رایگەیاندووە: "با هەردوولا باش ئەوە بزانن کە خوێنی شەهیدان و بریندارەکانمان مایەی خۆڕاگریمانە و، سەروەری وڵات بە ڕاگەیەنراوی شەرمنانە بەدەست نایەتەوە، بەڵکو بە بازووی دڵسۆزانی نیشتمان دەپارێزرێت کە سازش لەسەر پیرۆزیی خاک و کەرامەتی شەهیدان ناکەن."
بەرەبەیانی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و سعوودیە بە هەماهەنگی و هاوکات، لە سنووری پارێزگاکانی بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە و کەرکووک زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر چەند بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، بەڵام ئەو کاتە مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق تۆڵەسەندنەوەی چەکدارە کوژراوەکانیان بۆ دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن دواخست بوو.
هەینی 24ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی پڕۆگرامی "پاداشت بۆ دادپەروەری" (Rewards for Justice)، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات تەرخان کرد بۆ هەر کەسێک زانیاریی ورد لەسەر شوێن یان چالاکییەکانی "هاشم فینیان رەحیم سەراجی" ناسراو بە ئەبو ئالا وەلائی بدات.
واشنتن ئەبو ئالای ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، تۆمەتبارکردووە بەوەی دەستیان هەبووە لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی عێراقی و ئەنجامدانی هێرشی بەردەوام بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و کارمەندانی دیپلۆماسی لە عێراق و سووریا.