سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق گەیشتە کەرکووک

وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاویکردووتەوە، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و شاندێکی باڵای سەربازیی بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئامادەیی دۆخی ئەمنی گەیشتنە کەرکووک و ئیستا لە کۆبوونەوەدایە.

وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاویکردووەتەوە، فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر یارەڵڵا لەگەڵ شاندێکی باڵای سەربازیی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئابی 2026، بە فڕۆکەیە سەربازیی بە سەردانێک بۆ چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئامادەکاریی یەکە سەربازییەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی لە بارەی کۆی دۆخی ئەمنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک، گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی شارەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، گرووپە ملیشیاکانی عێراق هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە سعوودیە و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کردبوو، لە بەرامبەر ئەو هێرشە هاوبەشە ئاسمانییەی بەرەبەیانی 29ـی مانگی رابردوو لە سنووری بەغدا، واست، نەینەوا، بەسرە و کەرکووک کردیانە سەر چەند بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە چەکدارەکانی کوژران و برینداربوون، لەنێویاندا پێنج راوێژکاری سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران هەبوون و ئێران بە فەرمی هەواڵی کوژرانیانی پشتڕاستکردەوە.

دواجار بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز نەبێت، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە دوێنێ هەینی 7ـی ئابی بۆ تۆڵەسەندنەوە دیاری کردبوو، لە ژێر فشاری سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هێرشکردنە سەر سعوودیە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخست، بەڵام لەسەرتاسەری عێراق، بە فەرمانی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرجەم هێزەکانی عێراق خراونەتە ئامادەیی و لە ناوەندی بەغدا و شارەکانی دیکە هێز بڵاوکراوەتەوە و لە زۆربەی شەقامە گشتییەکانیش بازگە دانراوە.