وەزیرێکی ئەمریکی: بەمزووانە هورمز دەکرێتەوە و نرخی سووتەمەنی دادەبەزێت
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پێشبینی دەکات لەم یەک دوو رۆژەدا رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران رابگەیەنرێت و گەرووی هورمز بکرێتەوە.
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کرد، پێشبینی دەکات ئەمڕۆ یان سبەی، رێککەوتنێکی ئاگربەست بۆ ماوەی 30 تاوەکو 60 رۆژ لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت، بڕگەی سەرەکیی رێککەوتنەکەش بریتییە لە کردنەوەی گەرووی هورمز.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پێی وایە کردنەوەی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.
سکۆت بێسنت ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن گەمارۆکانی بۆ سەر تاران توندتر کردووە، ئێستا ئێران رووبەڕووی هەڵاوسانێکی گەورەی نرخی خۆراک بووەتەوە، رێژەی هەڵاوسانەکە لە نێوان 150% بۆ 180% دەبێت، تەنانەت توانای پێدانی مووچەی هێزە چەکدارەکانی نەماوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، دانوستانەکانی نێوان عومان و ئێران سەبارەت بە گەرووی هورمز پێشکەوتنیان بەخۆوە بینیوە، واشنتن چاوەڕوان دەکات بەمزووانە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
ئەو بەرپرسە روونی کردەوە ئەمریکا راستەوخۆ پاش راگەیاندنی رێککەوتنەکە بۆ دەستپێکردنەوەی بێگرفتی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان، ئابڵووقەی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.
هاوکات، ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری دیپلۆماتکارێکی وڵاتێکی نێوەندگیرەوە گواستییەوە، دانوستانکارانی ئێران چاوەڕوانی رەزامەندیی کۆتایی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانن بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ عومان سەبارەت بە چارەنووسی گەرووی هورمز.
لەسەر ئاستی ناوخۆییش، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بە مۆڵەتی راستەوخۆی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران دەکرێن.
مەسعود پزیشکیان رەخنەی توند لەو لایەنانەی ناوخۆی ئێران دەگرێت کە دژی دیالۆگن، دەڵێ ئەوانە تەنیا دروشم دەدەن و داوای ئاڵۆزی دەکەن.
لە چەند مانگی رابردووی ساڵی 2026دا، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتە لووتکە، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئێران گەرووی هورمزی بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست و بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و پەکخستنی بەشێکی بازرگانیی جیهانی.
ئیدارەی ئەمریکا لەژێر سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ زنجیرەیەک سزای ئابووریی قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەمەش وای کرد ئابووریی ئێران تووشی قەیرانێکی بێپێشینە ببێت. لەم نێوەندەدا عومان رۆڵی نێوەندگیریی گێڕا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیشتن بە چارەسەرێک.